پەرلەمانتارێکی ڕووسیا: ئێستا کوردستان دەوڵەتێکی ئامادەیە و تەنیا ڕانەگەیەندراوە

هەولێر-KDP.info- پەیامنێری ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (کاروان باعەدری) لەسەر چەندین تەوەری جیاواز چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیی لەگەڵ پەرلەمانتاری پەرلەمانی یاروسلاڤلی ڕووسیا، (میشا خالیدیان)، ئەنجام داوە کە تێیدا باس لە چەندین تەوەر دەکات.
KDP.info: سپاس بۆ ئەم دەرفەت و چاوپێکەوتنە و بەخیڕهاتنان دەکەین بۆ هەرێمی کوردستان.
میشا خالیدیان: ئێوە هەر هەبن و سەرکەوتوو بن، خۆشحاڵم لە وڵاتی خۆمم، لە کوردستانم.
KDP.info: ئێستا ئێوە چۆن تەماشای کوردستان دەکەن لە ڕووی وەبەرهێنان و پێگە گرنگەکەیەوە؟
میشا خالیدیان: هەرێمی کورستان زۆر پێشکەوتووە و دەیەوێ زیاتر پێش بکەوێت و ئێستا ئاوەدانییەکی گەورە کراوە لە هەرێمی کوردستان پەرە بە هەموو بوارەکانی ژیان دراوە و جیهان بە چاوێکی بەرز تەماشای هەرێمی کوردستان دەکات، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ و گەورەیە. ئێستا لە کوردستان هەموو شتێک هەیە، هێز و پەرلەمان و سنوور، ئێستا کوردستان دەوڵەتێکی ئامادەیە و تەنیا ''ڕانەگەیەندراوە''، ئەو ڕۆژەش هەر دێت کە ڕابگەیەندرێت و ئەم هەرێمە دەبێتە دەوڵەتی هەموو کوردێک، چونکە خەڵک دەیەوێ بە سەربەخۆیی بژی و لە ڕیفراندۆمیشدا دیار بوو کە خەڵک دەیانەوێ ئازاد بن، بۆیە کورد هەر بەو مافەی خۆی دەگات و کوردستان دەبێتە وڵاتی هەموو پێکهاتەکان.
KDP.info: پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕووسییا لە چ ئاستێکدایە؟
میشا خالیدیان: ئێستا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ڕووسیا و هەرێمی کوردستان ڕێژەیییە، چونکە پێگەی جیۆسیاسیی هەرێمی کوردستان و ڕووسیا لە یەک دوورن، بەڵام پەیوەندییە ئابوورییەکان لە بواری نەوت و گازدا باشە، لە ڕووی دیپلۆماسییەوە پەیوەندییەکان کەمە، چونکە تا ئێستا گەشت لە نێوان ڕووسییا و عێراقدا نییە و ئەمەش کارتێکردنی لەسەر پەیوەندییەکان هەبووە.
KDP.info: ئێستا ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدی لە ڕووسیان، دەکرێ لۆبییەکی بەهێزی کوردی چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەم لۆبی و پەیوەندییە لەو وڵاتەدا سوودی لێ ببنرێت؟
میشا خالیدیان: ڕاستە ئێستا ژمارەیەکی زۆری ئێزدییان و زیاتر لە ١٠٠ هەزار کوردی ئێزدی لە ڕووسیان هەن و هەموویان دەیانەوێت ئاشنا بن بە هەرێمی کوردستان و بێنە پەرستگای لالش و سەردانی شنگال بکەن، بەڵام هاتوچۆ نییە لە نێوان عێراق و ڕووسیا، ئەمەش هۆکارە، پێش چەند ساڵیک لەگەڵ کاک مەسرور بارزانی و سەرکردە سیاسییەکانی حکوومەت کۆ بووینەوە و پێشنیازی ئەوەمان کرد شاریکی کوردستان لەگەڵ یاروسلاڤ بکەینە دەستەبرا بۆ ئەوەی ئاشنا بن بە کولتوور و چاندی یەکتری، ئەمەش دەبێتە دەرگا و دەستپێشخەرییەک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژوویی و کولتووری و سیاسییەکان، چونکە ڕووسیا مێژووییەکی گەورەی هەیە و کوردیش دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت.

KDP.info: ژمارەیەکی زۆر کەمپ لە هەرێمی کوردستان هەن و هەرێمی کوردستان بە هەموو ئیمکانیاتی خۆیەوە پشتیوانییان لێ دەکات، دەربارەی ئەمە چیتان هەیە؟
میشا خالیدیان: خۆم سەردانی زۆر لە کەمپەکانم کرد، هەموو شتی ژیان لە کەمپەکاندا هەیە، خوێندن هەیە و ئازادی هەیە، لە هەموو کەمپەکانی ئەورووپا ڕیگە بە خەڵکی کەمپە نادرێت ئۆتۆمبێلیان هەبێت و هاتوچۆکردنیان سنووردار دەبێت، بەڵام لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان هەموو پێداویستیی ژیان و ئازادی و هاتوچۆیان هەیە و حکوومەت بە ئەمانەتەوە پشتیوانییان دەکات و پەنابەران بە ئازادی لە کەمپەکاندان و خەڵکی هەرێمی کوردستان وەک ئاوارە تەماشایان ناکات، بەڵکوو وەک خاوەنماڵن.
KDP.info: بۆ دۆخی شنگال چی ڕاتان چییە کە دۆخەکەی خراپە و هێزی نایاسایی لەوێ هەن؟
میشا خالیدیان: لە خەڵکی شنگالم پرسی بۆ ناگەڕینەوە شارەکەتان، شنگالییەکان بە منیان گوت، دەترسین جارێکی تر جینۆسایدێكی دیکەمان بەسەردا بێت و هیچ گرەنتیمان نییە، ئێستا هێزی نایاسایی و دوژمن لە شنگالن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لە ئارامیداین و سەرۆک بارزانی پشتیوانمانە و حکوومەت هەموو پێداویستییەکانی ژیان لێرە هەن.
KDP.info: ڕۆڵی سەرۆک بارزانی چەند گرنگە بۆ سەقامگیریی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا؟
میشا خالیدیان: هەموو کورد شانازی بە سەرۆک بارزانی دەکات، سەرۆک بارزانی هەمان سیاسەتی بارزانیی نەمر پەیڕەو دەکات، چونکە بارزانیی نەمر هەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەتی کورد تەرخان کرد، ئەوکات خۆم منداڵ بووم، بارزانیی نەمر هاتە ئەرمەنستان لەپێناو خەباتی کوردایەتیدا، ئێستاش سەرۆک مەسعود بارزانی درێژە بەو خەباتە پیرۆزە دەدات و ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە سەرانسەری جیهاندا و بەتایبەت لەنێو کورددا، ئێستا پرۆژەی بارزانی لە هەموو شارەکانی کورددا دەردەکەوێ، خەباتێکی ڕاستەقینەی کوردایەتییە، خۆشەویستی و دادپەروەریی بارزانی لە دڵی کورداندایە، ئەو لەپێناو ئازادیی کورد و کوردستاندا زۆر ماندوو بووە و دەیەوێت لەنێو جوگرافیایەکی ئاگردا ئەم هەرێمە بپارێزرێت و سیستمی ئەوروپی و پێشکەوتوو هەبێت، ئەو ئاسایشەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا نییە.
KDP.info: پێشمەرگە بە نوێنەرایەتیی جیهان دژی داعش دەجەنگا، بۆ ئەمە چیتان هەیە؟
میشا خالیدیان: پێشمەرگە ڕۆڵێکی گەورە و گرنگی گێڕا لەدژی داعش و ئێستا بوونەتە قارەمانی دونیا، کونسوڵخانەی وڵاتانی دونیا لە هەولێرن و دەزانن هەولێر خاوەنی پێشمەرگەیە و لە ئاسایش و ئارامیدایە.




