٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بەشداریی یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندنی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی فەرەنسا دەکات

سەرچاوە: KDP.info

لەسەر بانگهێشتی دەستەی بەڕێوەبەر و دامەزرێنەرانی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی فەرەنسا، بەرپرسی دێسکی ئەورووپای پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بەشداریی کۆنگرەکەی کرد و پەیامێکی پیرۆزبایی لەسەر ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان و پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاراستەی کۆنگرە کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ کۆنگرە و پێشکەوتنی بەردەوامیان بۆ فیدراسیۆن و کۆمەڵەکانی ئەندام و دامەزراوە کوردستانییەکانی فەرەنسا خواست.

بەرپرسی دێسکی ئەورووپای پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) لە پەیامەکەدا باسی گرنگیی پەیوەندییە مێژووی و سیاسییەکانی کوردستان و فەرەنسا و پشتگیرییەکانی گەل و کۆماری فەرەنسای لە دۆزی گەلی کورد و ئەزموونی سیاسی و دیموکراسیی هەرێمی کوردستان کرد کە کۆماری فەڕەنسا لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولی مەزنی نیشتمانی و نەتەوەیی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانەوە وەک دۆست و پشتیوان و هاوسۆزی مافە ڕەواکانی گەڵی کورد ناسراوە و لە ڕابردوودا کە سیاسەتی قڕکردن و جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزی و پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی خەڵکی سڤیلی هەڵەبجە و شوێنەکانی تری کوردستان لە سەردەمی حوکمڕانیی ڕژێمی فاشیست و دیکتاتۆری بەعس و سەدام دژ بە کوردستان پەیڕەو کرا و دواتر لە ساتەوەختی ڕاپەڕین و کۆڕەوی ملیۆنیدا پاراستنی گەڵی کوردستان و دروستکردنی ناوچەی ئارام و لە قۆناغی دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە کاتی  ئاشتی و شەڕ لە ناوچەکەدا و بەتایبەتیش لە سەردەمی هێرش و پەلامارەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان و لە سەردەمی گشتپرسی - ڕێفراندۆم و پۆست ڕێفراندۆم هەردەم پشتیوانێکی مەزنی هەرێمی کوردستان و دۆزی ڕەوای گەڵی کورد بووە، بەتایبەتیش لە دوای ڕێفراندۆم کە هێرش و پەلاماری ناڕەوای سەربازی کرایە سەر هەرێم و گەمارۆی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری خرایە سەر هەرێمی کوردستان، کۆماری فەڕەنسا ئەم بەربەستەی شکاند و بە پشتگیریکردنی دامەزراوە دیموکراسییەکانی هەرێم و ئاشتی و ئاوەدانی و ئاسایش و سەقامگیری و فراوانبوونی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ئەم پەیوەندییانە گەشەی سەند و ئێستاش گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر پێشکەوتوو و هیوابەخش. هەر بۆیە گەشەپێدان و دامەزراندنی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی فەرەنسا دەتوانێ لە چەندین بواردا خزمەت بە ڕێکخستنەوەی دامەزراوەکانی ڕەوەندی کوردستانیی فەڕەنسا و گرنگیدان بە کولتوور و زمان و ڕەسەنایەتی و ناسنامەی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ خۆگونجاندن و بەرەوپێشەوەبردنی دۆستایەتی و ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە ڕێگەی لۆبیگەری و تێکەڵاوی و ئاشناکردنی کۆمەڵگای فەرەنسا و دامەزراوەکانی ئەم وڵاتە بە دۆزی کورد و پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان بکات.

پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی هەموو پشتگیری و هاوکاری و ئاسانکارییەکی خستە ڕوو بۆ سەرکەوتنی ڕەوەندی کوردستانی لە دیاسپۆرا بە هەموو فیدراسیۆن و ناوەند و دامەزراوە کوردستانییەکانەوە لەسەر بنەمای یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەیییەکاندا بۆ خزمەتی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی.

فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی فەرەنسا کە لە ١١ کۆمەڵە و دامەزراوە پێک هاتووە، ئەمڕۆ ١٦/٤/٢٠٢٢، یەکەم کۆنگرەی دامەزراندنی خۆی بە ئامادەبوونی چەندین میوانی ناوخۆیی و دەرەوەی وڵات و کۆمەڵەکانی ئەندام لە شاری لیۆنی فەڕەنسا بەڕێوە برد، کە ڕاگەیاندنی دامەزراندنی ئەم فیدراسیۆنە بە سەرەتای بووژانەوە و یەکگرتنی دامەزراوە کوردستانییەکانی فەرەنسا هەژمار دەکرێت بە ئاراستەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ڕەوەندی کوردستانی لەگەڵ کۆمەڵگای فەڕەنسا و دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییەکان لەم وڵاتەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار