٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

''حکوومەت پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە. شۆڕش جێبەجێ دەکات"

سەرچاوە: KDP.info

چەمچەماڵ -KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی پارەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-شۆڕش دەربڕی و بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری شەھیدانیش دەڵێت، بەو پڕۆژەیە کێشەی کەمئاوی لە چەمچەماڵ چارەسەر دەکرێت.

حاکم عادل حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کاروباری شەھیدان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردنی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و دوای ھەوڵێکی زۆری وەزیری کاروباری شەھیدان و وەزیری شارەوانی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-شۆڕش دەچێتە بواری جێبەجێکردن و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی ٧٠ ملیۆن دۆلار دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.''

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی شەھیدان گوتیشی: "دوای ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە دەچێتە واری جێبەجێکردن و وەک ھەنگاوێک بۆ خزمەتکردنی خەڵکی قوربانیدەری ناوچەی گەرمیان و چەمچەماڵ پڕۆژەکە ڕەزامەندیی لەسەر دراوە.''

حاکم عادل حەمە ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ھەرێمی کوردستانە و بە تەواوبوونی کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی دێت لە شۆڕش و قەزای چەمچەماڵ کە زۆربەیان کەسوکاری شەھیدانی جینۆسایدی گەرمیانن.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار