٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری پێکهاتەکان: لەجیاتی کورسییەکانی کۆتا زیاد بکەن، هەوڵی کەمکردنەوەیان دەدەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئێستا هەندێک لایەنی سیاسی هەوڵی کەمکردنەوەی کورسیی پێکهاتەکان دەدەن لە پەرلەمانی کوردستان، لەو بارەیەوە، وەزیری پێکهاتەکان دەڵێت: ''ئێمە دژی کەمکردنەوەی کورسیی کۆتاین و دەبێت ژمارەی کورسیی کۆتا زیاد بکرێت لەجیاتی ئەوەی کەم بکرێتەوە.''

ئایدن مەعرووف بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بۆ ئەوەی پێکهاتەکان زیاتر بەشدار بن لە پیڤاژۆی سیاسیدا و بەشداریی ڕاستەقینەیان هەبێت، دەبێت زیاتر گرنگی بە پێکهاتەکان بدرێت و هەوڵی زیادکردنی نوێنەراتیکردنیان بدرێت.''

لەبارەی هەندێک لایەن کە لە هەوڵی ئەوەدان ئەم کورسییانە کەم بکرێنەوە، دەڵێت: ''ئەم هەوڵە پاشەکشەکردنە لە دیموکراسییەت و دژی پێکەوەژیانی ئایینی و پێکهاتەکانە لە هەرێمی کوردستان، ئیستا هەرێمی کوردستان دەڤەرێکی باشی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەکانە.''

دەشڵێت: ''ئەوەی دەکرێت قبووڵکراو نییە و هەر هەوڵێکیش لەم جۆرە زیان بە پێکهاتەکان دەگەیەنێت، چونکە زرووفی پێکهاتەکان زرووفێکی تایبەتە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە جددی پشتیوانیی پێکهاتەکان دەکات و ئەم پێکەوەژیانەش بەباشی لە جیهاندا دەنگی داوەتەوە.''

وەزیری پێکهاتەکان گوتیشی: ''پێکهاتەکانی بەشداری حکوومەت، بەتایبەت تورکمان، هاوپەیمانییان لەگەڵ پارتی وەک پارتێکی براوەی هەڵبژاردن هەیە، وەک چۆن هەموو پارتەکانی دیکە هاوپەیمانییان هەیە، ئێمەش مافی خۆمانە بەشدار بین و هاوپەیمانییش لەگەڵ کێ بکەین، پابەندین بەو ڕێککەوتنەوە.''

 

کــاروان بــاعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار