ھەفتەی داھاتوو چیتر کار بە گرێبەستی کۆن ناکرێت

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی هاتوچۆی ھەولێر گوتی، لە ھەفتەی داھاتووەوە بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و گواستنەوەی موڵکیەت تەنیا کار بە گرێبەستی ئەلکترۆنیی نوێ دەکرێت و چیتر کار بە گرێبەستی کۆن ناکرێت.
فازل حاجی عەلی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''تاوەکوو ئێستا کار بە سیستەمی کۆن و سیستەمی گرێبەستی ئەلیکترۆنیی نوێ بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و گواستنەوەی موڵکیەت دەکرا، ھەفتەی داھاتوو تەنھا کار بە سیستەمی نوێی ئەلیکترۆنی دەکرێت و کار بە سیستەمی کۆن ناکرێت، بۆیە پێویستە ھاووڵاتییان ئاگاداری ئەو بڕیارە بن.''
گوتەبێژی هاتوچۆی ھەولێر گوتیشی: ''ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندایە و گرێبەستی کۆن پشتگیریی یاسایی نەبوو، ئەوەی ئێستا پێویستە لە هاتوچۆ پشتگیری بێنێت و ھەر گرفتێک بۆ ئۆتۆمبێلەکە دروست بوو ئەو گرێبەستە وەکوو گربەستێکی کڕینی فەرمی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بۆیە ئەوەی ئۆتۆمبێل بکڕێت، تووشی گرفت نابێت.''
حاجی عەلی باسی لەوەش کرد: ''گرێبەستی کۆنیش بە پارە دەکڕدرا و ئێستاش بە ھەمان شێوە و بە ھەمان بڕی پارەیە و ھیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەھاتووە لەڕووی نرخەوە.''
بڵند ئیبراھیم




