٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەیانی زوو پاش نوێژ دەبێت بڕۆیت بۆ شاخ

سەرچاوە: KDP.info

ھەورامان-KDP.info- ھەورامان لە وەرزی بەھار چەندان جۆری گژ و گیایی بەھارە بوونی ھەیە، کە بووەتە سەرچاوەیەکی باشی ئابووری بۆ خەڵکی ناوچەکە و ڕاکێشانی گەشتیار بۆ سنوورەکە، بەھۆی کەمی باران گژ و گیایی بەھاری کەم بووەتەوە سەرباری بوونی چەندان جۆری گژ و گیا.

حاجی تۆفیق فایەق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شاخەکانی ھەورامان و ھەڵەبجە دەوڵەمەندە بە گیای بەھاری کە بووەتە سەرچاوەیەکی ئابووری بۆ خەڵکی ناوچەکە، من خۆم ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی گیای بەھارە بەردەوام دەڕۆمە شاخ".

حاجی تۆفیق فایەق دەشڵێ: "ڕێواس و بەڕەزا و ڕوسقە و گێلاخە و پیچک و مەنێ و کنگر، و قاچ لۆ، چەندان گیایتر، بەڵام بەشێکی گیا بەھارییەکان کەسی شاخەوانی دەوێت تاوەکو بتوانێت بڕواتە شوێنە سەختەکان لێیان بکاتەوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "بەیانی زوو پاش نوێژ دەبێت بڕۆیت بۆ شاخ چەند کەسێک پێکەوەبن، چونکە دوورە و سەختە ڕێگای گیای بەھارییەکان ھەرجۆرە گیایەکیش نرخی خۆی ھەیە، ئێمە لە بازاڕ بە بەقاڵەکانی دەفرۆشینەوە".

ستار محەمەد، فرۆشیاری گیا بەھارییەکان لە ناو بازاڕی خورماڵ، قسەی بۆ پەیامنێری ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و وتی: "ئێمە ڕۆژانە گیا بەھاریەکان لەو کەسانە دەکڕینەوە کە ڕۆشتوونەتە شاخ کە بەردەوام ئەوە کاریانە، خواستێکی زۆری گەشتیار لەسەر کڕینی گیا بەھارییەکانە، ناوچەی ئێمە گەشتیارییە و ڕۆژانە گەشتیارێکی زۆر سەردانمان دەکەن بۆ کڕینی گیا بەھارییەکان، کەمتر خەڵکی لای خۆمان دەیکڕن چونکە زۆریان بۆ سەیران دەچن و بێتاقەتیش بن ساڵانە چەند جارێک سەردانی شاخ دەکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ساڵ بۆ ساڵ نرخی گیا بەھارییەکان دەگۆڕدرێت، دوو ساڵە بەھۆی کەمی باران گیا بەھارییەکان کەمتر بووەتەوە زووش بەسەردەچێت و بەھۆی مانگی ڕەمەزان زەحمەترە ڕۆشتن بۆ شاخ و ھێنانەوەی گیا بەھارییەکان".

شنۆ ئاراس، گەشتیار لە سلێمانییەوە ڕووی لە ناوچە گەشتیارییەکانی ھەورامان کردبوو لە ناو بازاڕی خورماڵ سەرقاڵی کڕینی چەند جۆرێکی گیایی بەھاری بوو گوتی: "من ساڵانە چەندین جۆری گژ و گیایی بەھارە دەکرم کاتێک سەردانی ئەم ناوچەیە دەکەم، ئێستا ھاتووم پێش بەربانگ بڕۆمە ڕێستورانتێکی گەشتیاری لە بازاڕی خورماڵ ڕێواس و بەڕەزا و قاچک دەکرم لەگەڵ چەند جۆرێکی گیایی تر".

ئاماژەی بەوەشکرد: "لە ماڵی ئێمە خواستی خواردنی گیا بەھارییەکانمان ھەیە زۆرجار بە تایبەت دێینە بازاڕەکانی ھەورامان بۆ دەستخستنیان چونکە لێرە گیاییەکی زۆر جوانی بەھارە بوونی ھەیە".

سالار ڕەشید، گەشتیار لەناو بازاڕی خورماڵ، گیا بەھارەی دەکری و دەڵێ: "من زۆر تامەزرۆی خواردنی گژ و گیا بەھارییەکانم ھەیە، بەتایبەت ڕێواس و بەڕەزا و قاچک لە وەرزی بەھار خواردنێکی سەرەکیمە، بۆیەش لێرە دەیانکرم ڕۆژانە گیا بەھارەی تازەی بۆ دێت، تاموو چێژێکی تایبەتی ھەیە".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار