سەربەست بابیری: پڕۆسەی سیاسی کاریگەریی لەسەر جووڵەی داعش ھەیە

نەینەوا -KDP.info- بەرپرسێکی پێشمەرگە ھۆکاری دەرکەوتنەوەی داعشی بۆ پرۆسەی سیاسیی عێراق گەڕاندەوە و دەڵێت، داعش بەردەوام لە سووریاوە چەکدارانی دەگوازێتەوە بۆ نێو عێراق و ڕەوانەی ناوچەکانی مەخموور و مووسڵ و کەرکووکیان دەکات.
سەربەست بابیری، بەرپرسی میحوەری دیجلەی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داعش چاوەڕێی ڕەوشی عێراقە بۆ ئەوەی دەستی خۆیان بوەشێنن و کردەوەی تیرۆرستی جێبەجێ بکەن، قەبارەی داعش لە عێراق ھەروەک خۆیەتی، بەڵام کە دەرفەت لەبار نەبوو ماوەیەک بێدەنگی ھەڵدەبژێرن و لە کاتی پەیدابوونی دەرفەتێکیش دەست بە جووڵە دەکەن، ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق کاریگەریی ھەیە لەسەر بەھێزبوونی داعش لە عێراق و دواکەوتنی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لە بەرژەوەندیی داعشە.''
بەرپرسەکەی پێشمەرگە دەشڵێت: "مانەوەی زیندانی هۆل لە ڕۆژئاوای کوردستان ھۆکاری سەرەکیی مانەوەی داعشە لە عێراق و سووریا، چونکە زیندانی هۆل بەو شێوەیە نییە کە ئێمە، یان خەڵک تێی گەیشتووە، بەپێچەوانەوە بەردەوام ھاتوچۆی لەسەرە و داعش تێدا دەر دەکەوێت''.
سەربەست بابیری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "داعش لە سووریاوە بەردەوام خۆیان دەگەیەننە نێو خاکی عێراق و لە ناوچەکانی بەعاج دێنە نێو سنووری عێراق و بەرەو قەرەچۆغ و ناوچەکانی دیکەی عێراق دەگوازرێنەوە، ڕاستە لە زۆربەی ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق داعش ھەیە، بەڵام داعش بەھۆی گونجانی شوێنی مانەوەیان بەردەوام دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە مەخموور و سنوورەکانی نێوان مووسڵ و مەخموور شوێنی گونجاون بۆ مانەوەیان.''
قائید میرۆ




