رێگای چارەسەری

ماهیر قایناق
بۆ ئەوەی بتوانین نەخۆشییەك بە باشی چارەسەر بكەین سەرەتا پێویستە زۆر بە وردی و بە رێبازێكی زانستییانە نەخۆشییەكە دەستنیشان بكەین و دواتریش دەست بە دەرمان و چارەسەر كردنی بكەین. ئەگەر بە رێباز و شێوازێكی زانستییانە نەخۆشی دەستنیشان بكرێت و بە رێبازێكی زانستییانەیش دەرمان بكرێت ئەوا ئەم نەخۆشییە بە شێوەیەكی مایەندە و هەمیشەیی چارەسەر دەكرێت.
ساڵانێكی دریژە كە حكوومەتەكانی توركیا بە دەس پرسی كوردەوە دەناڵێن و تا ئێستایش نەیانتوانیوە چارەسەرییەكی هەمیشەیی بۆ ئەم پرسە بدۆزنەوە و هۆكاری ئەم مەسەلەیەیش شرۆڤە كردن و دەستنیشان نەكردنی زانستییانەی پرسی كوردە. ئەگەر من وا دەڵێم با كەس بە هەڵە تێنەگات و نەڵێت ماهێر قایناق پشتگیری لە كورد دەكات و لە دژی دەوڵەتە. من وەكو ماهێر قایناق لە گەرماو گەرمی شەڕی نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیادا مستەشاری دەزگای میت بووم و زۆر بە باشی دەزانم كە هەڵسەنگاندن و شرۆڤە كردنی دەوڵەتە یەك لە دوا یەكەكانی توركیا بۆ پرسی كورد چۆن بووە و ویستوویانە بە چە جۆرەیەك ئەم پرسە چارەسەر بكەن.
من وەكو هاووڵاتییەكی تورك بە دار و نەداری خۆمەوە پارێزگاری لە توركیا و حكوومەتی توركیا دەكەم، بەڵام هاووڵاتییە كوردەكانیش هاووڵاتی ئەم وڵاتەن و دەوڵەت و حكوومەتی توركیا لە بەرامبەر ئەوانیش دا بە ئەوەندەی من بەرپرسیارە. هەر بۆیە ئەركی منە وەكو هاووڵاتییەك باسی كێشەی هاونیشتمانەكانی دیكەی خۆم بكەم. پێشتر نەمان دەتوانی بەمجۆرە بە روونی و ئاشكرایی باسی پرسی كورد بكەین و وا بیرمان دەكردەوە كە ئەم پرسە تەنیا پرسی چەند چەكدارێكە و دەتوانین بە هێزی چەك چارەسەری بكەین. بەڵام دوای سی و چوار ساڵ بۆمان دەركەوت كە چەند چەكدارەكەیش بەرهەمی پرسی كوردن و پرسی كوردیش بە هێزی چەكداری چارەسەر ناكرێت. ئەمە دەستكەوتێكی یەكجار گرنگە بۆ توركیا. مادام ئەو گۆڕانكارییە ئیجابییە لە نێو دەسەڵاتی سیاسی و فێكری سیاسی توركیادا دروست بووە ئەوا پێویستە لەمەو بەدواوە سوود لەم گۆڕانكارییە وەربگرێن و بە رێباز و شێوازێكی زانستییانە شرۆڤە و هەڵسەنگاندنێكی واقێعی و زانستی بۆ پرسی كورد بكەین تا بتوانین بە شێوەیەكی مایەندە و هەمیشەیی ئەم پرسە چارەسەر بكەین.
ئەگەر بە راستی بمانەوێ پرسی كورد چارەسەر بكرێت و لە توركیای داهاتوودا شتێك بە ناوی پرسی كورد رەنگ و بۆی نەبێت ئەوا پێویستە لە كاتە ساتی پێویستدا پشتگیری لە پەكەكە و رەخنە لە دەوڵەت بكەین و بە پێچەوانەوە رەخنە لە پەكەكە و پشتگیری لە دەوڵەت بكەین. دەڵێم پەكەكە، ئەوە بەو ماناییە نییە كە من پشتگیری لە پەكەكە دەكەم بەڵكۆ راستییەكە ئەوەیە كە بۆ دەوڵەت و بۆ جیهان روون بووەتەوە كە بەبێ پەكەكە و ئوجەلان پرسی كورد لە توركیا چارەسەر ناكرێت. مادام كە راستییەكە بەمجۆرەیە و پەكەكە و ئوجەلانیش بوونەتە فاكتەری سەرەكە و موخاتەبی یەكەم بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد ئەوا دەبێت ئێمەیش بە پێ هاوسەنگییە سیاسییەكان بۆ چارەسەری پرسی كورد لە بەرامبەریاندا هەڵسووكەوت بكەین.
وا بزانم ئوجەلان و پەكەكە ئامادە بوونی خۆیانیان بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد دەربرێوە و ئوجەلان نەخشەرێگایەكیشی ئاراستەی پەكەكە و دەوڵەت كردووە و بۆ ئەوەی كە پەكەكە هەنگاوی دیكە بنێت ئوجەلان داوای هەنگاوی پراتیكی لە دەوڵەت كردووە. لێرەدا پێویستە پشتگیری لەم هەڵویستەی ئوجەلان بكەین كە نەخشە رێگای ئاراستەی هەر دوولا كردووە و بۆ ئەوەی كە پەكەكە هەنگاوی دیكەی پراتیكی بنێت چەند مەرجی دەستنیشان كردووە. ئەگەر دەوڵەت ئەو مەرجانە جێبەجێ بكات ئەوا پێویستە ئێمە پشتگیری لە هەر دوو لا بكەین بەڵام ئەگەر دەوڵەت ئەو مەرجانەی ( كە وا بزانم هەر دوولا لە ئیمراڵی لە سەریان رێك كەوتوونە) جێبەجێ نەكرد ئەو كاتە دەبێت رەخنە لە دەوڵەت بگرین. بەڵام ئەگەر هاتوو دەوڵەت ئەو مەرجانەی جێبەجێ كرد و پەكەكە هەنگاوی دیكەی نەنا ئەوا پێویستە ئەمجارە پشتگیری لە دەوڵەت بكرێت و رەخنە ئاراستەی پەكەكە بكرێت.
دەمەوێ لێرەدا باسی هەڵەیەكی یەكجار زۆر گەورەی ساڵەكانی رابردووتان بۆ باس بكەم. دە ساڵ زیاتر لە 15 ساڵ لەمەوبەر كاتێك كە من لە دەزگای میت بەرپرسیار بووم، داوامان لێكرا كە بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد راپۆرتێك ئامادە بكەین. من و چەند كەسێكی دیكە ئەو كاتە دەستمان بە ئامادە كردنی راپۆرتێك كرد بەڵام هەر زوو راپۆرتەكەمان لە لایەن لێژنەی ئەمنی قەومییەوە رەد كرایەوە و لە بەرامبەردا راپۆرتی سوپا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد قەبووڵ كرا. ئەو كاتە سوپا وتبووی ژمارەی چەكدارەكانی پەكەكە 3 هەزارە، ئێمە دەتوانین ژمارەی جاشەكان زۆرتر بكەین و بەمجۆرە جاش و سەربازەكان پێكەوە هێرش ببنە سەر پەكەكە ئەوا شتێك بە ناوی پەكەكە نامێنێت. دواتر من لە سەر ئەم راپۆرتە نامەیەكم ئاراستەی سەرۆككۆمار كرد و وتم" ئەمە رێگای چارەسەری نییە بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆكاری زیاتر بوونی ژمارەی چەكدارەكانی پەكەكە.
سەرۆككۆمار گۆێ بەم پێشنیارەی من نەدا هەر بۆیە ژمارەی جاشەكان لە 10 هەزارەوە بوو بە 80 هەزار و ژمارەی ئەندامانی پەكەكەیش لە سێ هەزارەوە بوو بە 10 هەزار و ئەوە زیاتر لە 15 ساڵە بارودۆخەكە هەر بەمجۆرەیە و نە پرسی كورد چارەسەر كرا نە سوپا و جاشەكانیش توانیویان كۆتایی بە پەكەكە بهێنن.
ئارمانجم لە گێڕانەوەی ئەم مەسەلەیە ئەوە بوو كە ئەگەر بە راستی ئەمرۆ دەوڵەتی توركیا دەیەوێ پرسی كورد چارەسەر بكات ئەوا پێویستە هەڵەكانی رابردوو دووبارە نەكاتەوە و بە راستی و دروستی هەڵسەنگاندن بۆ پرسی كورد بكات تا بتوانێت چارەسەری هەمیشەیی بۆ بدۆزێتەوە.
پرسی كورد دەست كردی پەكەكە نییە بەڵكو دەستكردی دەوڵەتە و سەردەمیش سەردەمی زۆر و چەك و رێبازی ملیتاریستییانە نییە و دەوڵەت ناتوانێت وەكو رابردوو لە رێگای هێزی سەربازییەوە گوشار بخاتە سەر كوردەكان و بێدەنگیان بكات. بۆیە پێویستە دەوڵەت سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت و رێگاچارە سیاسیەكان بەكار بهێنێت.
سەرچاوە. ستار




