٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هۆكاری دابەزینی نرخی بەنزین له‌ KDPیه‌وه‌ بزانه‌

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر ڕایگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەو رێکارانەی گرتوویەتیەبەر بۆ ھەرزانکردنی بەنزین بەردەوام نرخی بەنزین لە دابەزیندایە و ھەوڵەکانیش بەردەوام دەبن تاوەکو بەنزین بە جۆرێک دابەزێت کە لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیان دابێت.

بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر، ئاری کاکە شین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلان و سیستەمێکی زۆر باشی بۆ دابەشکردنی بەنزین و ھەرزانکردنی نرخەکەی داناوە، کە ئێستا دابەشکردنی بەنزینی حکوومی زۆر بەباشی رێکخراوە بە جۆرێک کراوەتە تاک و جووت، ئەوانەی تاکسی و پاس و بارھەڵگر جیایە و ئەوەی تایبەتیش جیایە، بۆیە ئێستا بەھۆی ئەو سیستەمەی دانراوە نرخی ھەر لیترێک بەنزین کە گەیشتبوو نزیکەی ھەزار دینار ئێستا لیتری بۆتە ٨٠٠ دینار و بەردەوامیش لە دابەزیندایە، کە ڕۆژانە ٣٦٠ ھەزار لیتر بەنزین لە عێراق بۆمان دێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئێستا بەنزینمان بۆ دابین دەکات کە ٦٠٠ ھەزار لیتر دەبێت، بۆیە ئەمە وای کردووە زۆرینەی ھاووڵاتیان بەنزینی حکوومی بەرکەوێت کە نرخەکەی ٦٩٠ دینارە".

ئاری کاکە شین گوتیشی: "١٤ بەنزینخانەی جێگیر ھەیە لەناو ھەولێر، ٩ لەوانە بۆ تایبەت و بارھەڵگرە و ٥یش بۆ تاکسی و پاسە، ئەوانە ڕۆژانە بەنزینیان ھەیە و ئەوانەی سیستەمی تاک و جووت بەکاردێت ئەوانیش ڕۆژانە ھەیانە، کە بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەتە، بۆیە کۆی گشتی ئەو بەنزینخانانەی کە بەنزینی حکوومی دابەش دەکەن زیاتر لە ٤٠ بەنزینخانەیە".

کاکەشین باسی لەوەشکرد: "لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانیش لیژنەیەکی ئۆپراسیۆن پێکھاتووە و دیراسەی دۆخەکە دەکات بۆ ئەوەی بە قۆناغ نرخی بەنزین دابەزێت تاوەکو بگاتە ئەو نرخەی لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیان دایە، بۆیە دابەزینی بەنزین بەردەوام دەبێت و ھەوڵەکانی حکوومەتیش بەردەوامن بۆ ئەو مەبەستە".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار