٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەی لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندە داراییەکانی ڕێکخراوی داعشدا لە بەرلین بەشداری دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ڕۆژی ١٣/٤/٢٠٢٢ لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندە داراییەکانی ڕێکخراوی داعش. لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کریستن ڕیتسچیر، سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) و نوێنەری تیمی هەماهەنگیکاری نیشتمانی لەگەڵ تیمی یونیتاد (NCC) و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئامادە دەبن.

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری حکوومەتی هەریم لەم کۆبوونەوەدا ڕایگەیاند: دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەکی عێراق و سووریادا گرت، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەنگاوەکانی دەست پێ کرد بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی "داعش"، سەرەتا لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە (٢١٩٩)ی دەرکرد بۆ ڕێگاگرتن لە تەمویلی دارایی داعش و بەرەی نوسرە لە عێراق و سووریا.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە ڕۆڵی حکوومەتی هەرێم لەو بوارەدا گوتی: حکوومەتی هەرێم لە ماوەی نێوان ساڵانی  ٢٠١٤ تا ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوەی زۆری ئەنجام داوە سەبارەت بە  سەرچاوە دارایییەکان و تەمویلکردنی تیرۆریستانی داعش کە بەشێکی زۆری بریتی بوو لەو پارەیەی بەرامبەر بە ڕزگارکردنی ئەو کەسانە دەستی دەکەوت کە دەیڕفاندن. لەم کۆبوونەوەیەدا هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم دەخرێنە ڕوو، هاوکات باس لە میکانیزمەکانی ئاڵوگۆڕی زانیاری دەکرێت لەبارەی دیاریکردنی سەرچاوەکانی داهاتی داعش و ئەو لایەنانەی کە هاوکاریی دارایییان کردووە بە ئامانجی دادگاییکردنیان.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی هەنگاوەکانی داعش بۆ بەهێزکردنی سەرچاوە داراییەکانی گوتی: تیرۆریستانی داعش سوودیان لە لاوازیی سیستمی بانکی و داراییی عێراق وەرگرت بۆ بەهێزکردنی سەرچاوە دارایییەکانی بە هاوکاری ژمارەیەک کەس و کۆمپانیا و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو کە لە دەرەوە پارەیان بۆ دەهات، بە ڕێگای جیاوازەوە زۆر جار لە عێراق دەنێردرایە دەرەوە و دواتر دووبارە بە شێوازی جۆراوجۆر دەگەڕێندرایەوە ناوچەکانی ژێڕ دەستی داعش لە عێراق بەر لە ڕزگارکردنی ئەو ناوچانە.

سەبارەت بە سەرچاوە دارایییەکانی داعشیش گوتی: داعش بە شێوازی جیا جیا داهاتی دەست دەکەوت، لەوانە؛ به‌قاچاخبردن و فرۆشتنی نه‌وت، شوێنەوار، سه‌پاندنی باج و گومرگ به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا، ئازادکردنی دیل بە پارە، سەرچاوەی داھاتی ناوخۆیی ئەو شوێنانەی لەژێر دەستی بوون و دەستبەسەرداگرتنی بانکەکان، بەڵام دوای نەمانی دەسەڵاتی بەسەر شارەکاندا هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له‌ده‌ست داوه‌ كه‌ پاره‌یان بۆ ده‌هێنایه‌ ناوه‌وه‌.

هەواڵی پەیوەندیدار