٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دژوار فایەق: داعش ئامادەکاری بۆ ئەگەرەکانی بەردەم ڕەوشی عێراق دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ماوەی چەند ڕۆژێکە داعش لە ناوچە کوردستانییەکان دەستی بە جووڵەی نوێ کردووە و بە گوتەی بەرپرسی بۆردی ماددەی ١٤٠یش داعش ئامادەکاری بۆ ھەموو ئەگەرەکانی بەردەم ڕەوشی عێراق دەکات و دەشڵێت، بێدەنگی و سەرھەڵدانەوەی داعش پەیوەستە بە ڕێکخستنەوە و پیلانی خۆیانەوە.

دژوار فایەق، بەرپرسی بۆردی ماددەی ١٤٠ لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە بۆچوونی ئێمە داعش یارییەکی ھەواڵگەرییە، لەبەر ئەوەش ھەست دەکەین بێدەنگبوون و سەرھەڵدانەوەی داعش پەیوەندیی بە ڕووداوەکانی ناوچەکەوە ھەیە، ھۆکارێکی دیکەی بێدەنگیی داعش لە ھەندێ کاتدا بۆ پێداچوونەوەی خۆیانە، چونکە زۆر جار بەھۆی ھێرش و کێوماڵی ناوچەکانی داعش ماوەیەک بێدەنگی ھەڵدەبژێرن و بە شێوەی پارتیزانی خۆیان حەشار دەدەن و دوای ڕێکخستنەوە دەر دەکەونەوە و دەست بە جووڵە دەکەن.''

ئەو بەرپرسەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "ڕەوشی نێوان ھەرێم و بەغداش ھۆکارێکی دیکەی جووڵەی چەکدارانی داعشە، لەبەر ئەوەی لەو ناوچانەی بوشاییی ئەمنی ھەیە و عێراق بۆ پڕکردنەوەی بوشاییی ئەمنی و نەھێشتنی دەرفەت بۆ جووڵەی چەکدارانی داعش وەک پێویست نەھاتووەتە پێشەوە، پێویستە عێراق چەک و پێداویستیی سەربازی بداتە پێشمەرگە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە.''

دژوار فایەق ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "داعش لە ھەموو سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق ھەیە، هەر لە سنوری سووریاوە تا نزیک خانەقین و ئێران داعش تێیدا تەراتێن دەکات و ئەو ناوچانەی زیاتر چەکداری داعشی تێدا جووڵە دەکات پێک ھاتووە لە ناوچەکانی: حەمرین، سامەرا، سەلاحەدین، مەخموور و سەر سنووری سووریا، خەڵکێک ھەیە لەو ناوچانە خۆی بە ئۆپۆزسیۆن دەزانێت و ھاوکاریی داعش دەکات، تەنانەت لەنێو لەشکری عێراق و دەزگای حکوومەت خەڵکێک ھەیە ئیش بۆ داعش دەکات.''

لەبارەی کاریگەریی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و دواکەوتنی پێکھێنانی حکوومەتەوە دژوار فایەق دەڵێت: "لایەنەکان لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و پێشبینی دەکرێت ڕەوشی عێراق گۆڕانکاری بەسەردا بێت، داعش خۆی بۆ ھەموو ئەگەرەکانی ڕەوشی عێراق ئامادە کردووە، ھەتا ئەوانەی لەپشت داعش ئامادەکاریی بۆ سیناریۆکانی ڕەوشی عێراق دەکەن، بۆ نموونە ئەگەر سبەی شەڕی ناوخۆ لە عێراق ڕووی دا، داعش چی دەکات، یان ھەر ئەگەرێکی دیکە.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار