عومەر عوسمان: سەرۆک بارزانی خۆی سەرپەرشتیی داستانی کۆڕێی دەکرد
__2022_04_11_h14m37s31__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- فەرماندەیەکی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، مێژوو نابێت چەواشە بکرێت و ئەوانەی جەنگاوەری حەقیقیی داستانی کۆڕێن دیارن و دەشڵێت، سەرۆک بارزانی خۆی سەرپەرشتیی داستانی کۆڕێی دەکرد و کاک کۆسرەتیش شایەدیی قارەمانیەتیی پێشمەرگەی بارزانییەکانی داوە.
عومەر عوسمان، فەرماندەی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داستانی کۆڕێ بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی بەڕێوە چوو، ھیچ لایەنێکیش ناتوانێت مێژووی ڕاپەڕین چەواشە بکات، چونکە مێژوو لە دیپلۆماسی نانووسرێتەوە، دەبێت وەک خۆی باس بکرێت، داستانی کۆڕێ لە ڕۆژی ٧ی نیسانی ١٩٩١ تۆمار کرا و ئەو ڕۆژە خەڵک و پێشمەرگە، پیرمام و کۆڕێی چۆڵ کرد و تا شەقلاوە کەسی تێدا نەما، لەبەر ئەوەش، سەرۆک بارزانی فەرمانی دەرکرد بۆ ئەوەی ژمارەیەک ھێزی سەر بە پارتی بە سەرپەرشتیی دکتۆر ئەحمەد نادر پێش لە ھێرشەکانی ڕژێم بگرن و لە دەربەندی کۆڕێ پێشمەرگەکانی پارتی بەرەنگاری تانک و ھێزەکانی بەعس بوونەوە و ئەو نەبەردییەیان تۆمار کرد کە بووە شانازیی تاھەتایی گەلی کوردستان".
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە دەشڵێت: "ئەو ڕۆژەی ئێمە شەڕمان دەکرد، جگە لە ھێزی پارتی ھیچ ھێزێکی دیکەی کوردستان لەو سنوورە و لە کۆڕێ نەبووە و دواتر کاک کۆسرەت ڕەسووڵ و مامۆستا سەعد عەبدوڵا ھاتوونەتە شوێنی شەڕەکە و کاک کۆسرەت خۆی گوتی، بەڕاستی پێشمەرگەکانی بارزانی سەلماندییان پێشمەرگەی ڕۆژانی تەنگانەن".
عومەر عوسمان، کە لە ڕاپەڕین بەرپرسی لقی دووی پارتی بووە، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "داستانی کۆڕێ پێویستە وەک خۆی بڵاو بکرێتەوە، نابێت ئەو شەھیدانەی ئێمەش لەسەر حیزبەکانی دیکە ھەژمار بکرێت بۆ مەبەستی سیاسی و موزایەدەی خۆیان، چونکە ئەگەر سەرۆک بارزانی نەبووایە ھیچ ھێزێک نەبوو بەرەنگاری ھێزەکەی دوژمن ببێتەوە، ئەمەی کۆڕێ دیارە پارتی تۆماری کردووە و ھێزی لایەنەکانی دیکە ھەبوون لە سنووری سلێمانی، ئەی بۆچی ڕایان کرد و نەیانتوانی بەرگری بکەن".
قائید میرۆ




