جەعفەر سمۆ: لە دوای شەڕی داعشەوە ١٠٠ ھەزار ئێزدی کۆچیان کردووە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە پارێزگای دھۆک ئاماری ئەو ئێزدیانەی ئاشکراکرد کە دوای ھێرشی چەکدارانی داعش چوونەتەوە دەرەوەی عێراق و ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ، تا ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکرێت ئاوارە ئێزدیەکان ناگەڕێنەوە شوێنەکانیان.
جەعفەر سمۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە پارێزگای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێش ھاتنی شەڕی داعش زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار ئێزدی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەبوون، بەڵام دوای ھاتنی ھێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکانیان کۆچی کوردانی ئێزدی بۆ دەرەوە دەستی پێکرد و بەپێی ئامارەکانی بەردەست تا ئێستا ١٠٠ ھەزار کوردی ئێزدی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان چوونەتە دەرەوە و لە وڵاتانی بیانی نیشتەجێن".
بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان دەڵێت: "تا ئێستا ٨٠%ی کوردانی ئێزدی ئاوارەی ھەرێمی کوردستان نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان لە شنگال، ھۆکاری نەگەڕانەوەیان دیارە ناسەقامگیری ڕەوشی ئەمنی ناوچەکانیانە، چونکە چەندین ھێزی جیاواز لە ناوچەکانی شنگال جێگیربوونە و بوونەتە سەرچاوەی کێشە بۆ خەڵکی ئێزدی".
جەعفەر سمۆ روونی کردەوە: "ئەگەر ڕێککەوتنی ھەرێم و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال جێبەجێ بکرێت و پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەکانی شنگال ھیچ گومانی تێدا نییە ئاوارە ئێزدییەکان دەگەڕێنەوە شوێنەکانیان، بەڵام بە ڕەوشی ئێستای شنگال خەڵکی ئامادەی تێدانیە بۆ گەڕانەوە".
قائید میرۆ




