قەھوەچی: ھەوڵی دەستکاریکردن و کەمکردنەوەی کورسی کۆتا بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکھاتەکانە

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، پێکھاتەکانی کوردستان ھەر ھەوڵێک بەمەبەستی دەستکاریکردن و کەمکردنەوەی ڕێژەی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان رەتدەکەنەوە، کە ئەمە ھەوڵێکە بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان و پێشێڵکردنی مافی پێکھاتەکانە.
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، مونا قەھوەچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٩، مافی دەنگدان و بەشداری و ڕێژەی کورسی کۆتای پێکھاتەکان دەقنووس کراوە، نوێنەرانی پێکھاتەکانی تورکمان و کریستیان و ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستان نوێنەرایەتیەکی ڕاستەقینەی سەرجەم ھاووڵاتیانی ئەو پێکھاتە نەتەوەییانە دەکەن، ئەمەش نموونەیەکی پێکەوەژیان و ھەرە بەرز و جوانی ھەرێمی کوردستانە".
مونا قەھوەچی گوتیشی: "مەبەستی سەرەکی لە پێدان و دیاریکردنی کورسی کۆتا بۆ پێکھاتەکان بۆ پاراستنی ماف و گوزارشتکردن لە ویستەکانیان و بەرگریکردن لە مافەکانی خۆیان بووە، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا ژمارەیەک لایەنی سیاسی پاشگەزبونەتەوە لە دیموکراسیەت و لە سیستەمی کۆتا، چونکە ھەرکاتێک ململانێی سیاسی نێوان لایەنەکان و یەکلاییکردنەوەی پرس و پێشھاتێکی سیاسی لە پەرلەمان ھەبێت لێرە و لەوێ ھێرشی ناڕەوا دەکرێتە سەر پێکھاتەکان و ئاماژە بە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن دەدرێت بە ئامانجی کەمکردنەوەی کورسی کۆتای پێکھاتە نەتەوەییەکان".
قەھوەچی باسی لەوەشکرد: "پێکھاتەکانی کوردستان ھەر ھەوڵێکی لەم شێوەیە بەمەبەستی دەستکاریکردن و کەمکردنەوەی ڕێژەی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان رەتدەکەنەوە و ھەوڵێکە بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان و پێشێڵکردنی مافی پێکھاتەکانە، پێکھاتە نەتەوەییەکانی کوردستان سیاسەت و بەرنامەی سیاسی و پەرلەمانیان لەسەر بەرژەوەندی و خزمەتکردنی ھاووڵاتیانیان بنیات ناوە و لەم چوارچێوەیەشدا ھاوپەیمانی و کاری ھاوبەشی پەرلەمانییان رێکخستووە لەم ڕووەوە بۆ ھیچ کەس و لایەنێک نەھاتوە ئاراستەی کارکردنی پێکھاتەکان دیاری بکات و بەپێی بەرژەوەندییە شەخسی و حزبییەکانی خۆی بریار و لێدوان لەسەر پێکھاتەکان بدات، ھەر ھەوڵێکی لەم شێوەیە کارێکە پێچەوانەی یاسا بەرکارەکانە و ھەرگیز قبوڵکراو نیە و لای پێکھاتەکان بە تەواوی ڕەتدەکرێتەوە".
بڵند ئیبراھیم




