زانا مەلا خالید: فڕاکسیۆنی پارتی ڕێگری لە پەکخستنی پەرلەمان دەکات

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، فڕاکسیۆنی پارتی ڕێگری لە پەکخستنی کاری پەرلەمان دەکات و دەڵێت، پارتی جددییە لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ، یەکشەممە ١٠ی ٤ی ٢٠٢٢ بە یاوەریی ھەڤاڵانی دەستەی سەرۆکایەتیی فراکسیۆن، پێشوازیمان لە بەڕێز فرانسیس لاناو، بەرپرسی کاروباری سیاسیی یۆنامی لە عێراق و لینارد نیکۆلی و شێرزاد جوھر، ڕاوێژکارانی سیاسی لە یۆنامی کرد و لە دیدارێکدا باسمان لە ئامادەکارییەکانی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەربەست و ڕێکارە یاساییەکانی بەردەم پرۆسەی ھەڵبژاردن و پرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن کرد و تەئکیدمان لە ھەڵوێستی پارتیمان کردەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و ئامادەییی فراکسیۆنمان بۆ لادانی بەربەستە یاساییەکان دەربڕی بە ئامانجی لێکتێگەیشتنی نێوان فراکسیۆنەکان بۆ چارەسەری گرفتە یاسایییەکان.''
زانا مەلا خالید ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لە بەشێکی تری دیدارەکەدا ھۆشداریمان لە پێشھاتەکانی بەردەم ئەنجام دانی پرۆسەی ھەڵبژاردن و پەکخستنی پرۆسەی یاسادانان لە ھەرێمی کوردستان دا و تەئکیدمان لە ھەڵوێستی فراکسیۆنمان بە ئامانجی پێشگرتن لە ھەر ھەنگاوێک بە ئاراستەی پەکخستنی کاری پەرلەمانی کرد کە نابێت گرفتە سیاسییەکان ببنە ھۆکاری زەوتکردنی مافی گەلی کوردستان.''
قائید میرۆ




