پەرلەمانتارێکی پارتی: ھەموو هەوڵێک دەدەین بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ھەڵوێستی پارتیی دووپات کردەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و دەشڵێت، ھەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان و یەکلاکردنەوەی پرسی ھەڵبژاردن.
لەیلا عەبدولجەبار، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی پێشتر و ئێستاش ھەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان و یەکلاکردنەوەی پرسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان، تا ئێستا پارتی جددییە لەسەر ئەوەی پێویستە ھەڵبژاردن لە وادەی یاساییی خۆیدا بەڕێوە بچێت و فەرمانی ھەرێمیشی بۆ دەرکراوە''.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێت: "کات ھاوکار نییە بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن، چونکە بەپێی یاسا، کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان شەش مانگی پێویستە بۆ ئامادەکاریی ھەڵبژاردن، پێویستە لایەنە سیاسییەکان بۆچوونەکانیان یەک بخەن و بگەنە ڕێککەوتن لە ئایندەیەکی زوودا بۆ ئەوەی کۆمسیۆن بتوانێت ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردن بکات لە ١ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ.''
لەیلا عەبدولجەبار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "تا ئێستا لایەنە سیاسییەکان ناکۆکن لەسەر بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن و ئەگەر یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە و کۆمسیۆن کارا بکرێتەوە ئەوە ماوەیەکی زۆری پێویستە و کاتیش بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.''
قائید میرۆ




