دەست بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و ئیران کراوە
_(2)__2022_04_10_h15m30s4__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- بەڕێوبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتی، دوای ئەوەی ھەرێمی کوردستان و ئێران ڕێککەوتنێکیان لەبارەی زیادبوونی ئاڵوگۆری بازرگانی و ھاتوچۆی گەشتیاری واژوو کرد، دەست بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە کراوە.
عەبدوڵا ئاکرەیی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئیران کرابوو لەبارەی ئاسانکاری بۆ ھاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە نێوان ھەردوولادا، دەست بە جێبەجێکردنی کراوە، پێشتر ھاتنی ئەو شیرەمەنیانەی کە ماوەیان زوو بەسەر دەچێت، ڕۆژانە ھەرێم دەتوانێت ١٠ بارھەڵگریان بۆ ڕەوانە بکات و ئەوانیش بە ھەمان شێوە کە پێشتر ڕێگەپێدراو نەبوو و بۆ ھاتوچۆی گەشتیارانیش ئاسانکاریی تەواویان بۆ دەکرێت، ئەگەر کارتی ڤاکسین، یان تێستی کۆرۆنای یەکێک لە ھەردووکیان پێ بێت، ھاتوچۆ دەکەن و لەسەر سنوور ڕێگە نادەن دوا بکەن و زوو بەڕێیان دەکەن، بەڵام کێشەیەکی دیکە ھەبوو کە تەنھا لە کاتی دەوام ڕێگە بە چوونی ئۆتۆمبێلی گەشتیاری دەدرا بچنە ئێران و ئێستا بڕیارە ئەویش بکرێتە ٢٤ کاتژمێری بۆ ئەوەی لەسەر سنوور نەمێنێنەوە و دوا نەکەون.''
بەڕێوبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتیشی: ''جگە لەوە، ناوچەی بازرگانی لەسەر سنووری ھەردوولا دروست دەکرێت و ئەویش دەست بە دروستکردنیان دەکرێت کە زۆر گرنگ دەبێت بۆ زیادبوونی ئاڵوگۆری بازرگانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران و ھاوکات جموجۆڵی بازرگانییش بەردەوامە و مەرزەکانیش ٢٤ کاتژمێر کراوەن و ھەموو ڕێکارێک بۆ زیادکردنی جووڵەی بازرگانی دەگیرێتە بەر.''
بڵند ئیبراھیم




