٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پلانه‌كه‌ی حکوومەتی هه‌رێم بۆ ھەرزانی قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێدەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانێکی باشی داناوە بۆ جێگیربوون و ھەرزانکردنی نرخی خۆراک لە بازاڕ و ئەو پلانەش دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێدەکرێت، کە یەکەم ھەنگاویش ھاوکاری خاوەن نانەواخانەکانی کرد و باجیشی لەسەر کۆمەڵێک کاڵا ھەڵگرت.

نەوزاد شێخ کامیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە چوارچێوەی ھەستکردن بە بەرپرسیارەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرامبەر بە ھاووڵاتیان لەکاتێک نرخی ھەندێک لە کاڵاکان دەگۆڕێت و گران دەبێت و بەرزدەبێتەوە بەھۆی بارودۆخێکی نێودەوڵەتیەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەو کاتەوە چەندین کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و پلانیشی داناوە بە قۆناغ دۆخەکە ئاسایی بکاتەوە و نرخی کەلوپەلەکانیش ھەر یەکەیان بە جۆرێک کەمبێتەوە، تا ئێستاش دوو ھەنگاوی ناوە و بەردەوامیش دەبێت تاوەکو نرخی کەلوپەلەکان لەبازاڕ بە جۆرێک جێگیر بێت کاریگەری زۆری لەسەر ھاووڵاتی نەبێت و نرخەکان گونجاو بێت، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ ھاووڵاتیان ئەنجامی دەدات".

بەرێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین بڕیاری باشی داوە لەوانە ھەڵگرتنی باج لەسەر کۆمەڵێک خۆراک ئەمە خۆی لەخۆیدا دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی نرخی ئەو کەلوپەلانە، چونکە کە باجی لەسەر ھەڵگیرا تێچووی کەم دەبێت ئەمەش وا دەکات لە بازاڕ نرخەکەشی ھەرزانتر بێت، بۆیە سودی باشی دەبێت و ھەنگاوی باشتریشی بەدواوە دێت و بۆ نانیش بڕیاردرا نرخی کارەبا ٥٠% کەمبێتەوە و ئەوانیش نەتوانن نان گران بکەن و بریارە ھاوکاری زیاتریشیان بکرێت و بەھەمان نرخی پێشووتر بە ھاووڵاتیان نان بفرۆشن".

نەوزاد شێخ کامیل ڕوونیشی کردەوە: "پلانێکی باشیش دانراوە و ھانی وەبەرھێنەر و بازرگانان دەدرێت بۆ ئەوەی کارگەی نوێ دروست بکەن و ئه‌و بەرھەمانەی لە دەرەوە ھاوردە دەکرێت لە ناوخۆ بەرھەم بھێندرێت، بۆ ئەوەی ھەرچی لە دەرەوەش ڕووبدات کاریگەری لەسەر ئێمە نەبێت و خۆمان بەرھەمی خۆمان ھەبێت و تەنانەت ئێمە بۆ دەرەوەی وڵاتیش ھەناردەی بکەین، چونکە ئێستا ئێمە ھاوردەمان ھەیە و ھەناردەمان زۆر کەمە، بۆیە کاری جدی دەکرێت پشت بە بەرھەمی ناوخۆ ببەستین، چونکە لە کارنامەی حکوومەتی ھەرێم ھاتووە گرینگی بە بەرھەمی ناوخۆ بدرێت و پشتگیریەکی تەواو بە کارگەکان دەدەین و ئەوانەی وەستاویشن کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەوانیش بکەونەوە کار و جگە لەوەش دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگانەش ئەویش دەبێتە پاڵپشتیەک بۆ ئەوەی نرخی بازاڕ ھەرزان بێت لە ڕووی کەلوپەلەوە".

ھەروەھا وتیشی: "جگە لەوەش بەردەوام چاوێری بازاڕ دەکەین لە ھەموو کوردستان و سەردانی ھەموو شوێنەکان دەکەین و ئەوەی قۆرغکاری بکات یان گرانفرۆشی بکات سزا دەدرێت، بۆیە بەرنامەیەکی زۆر باشمان داناوە و خەریکی جێبەجێکردنین کە لە بەرژوەندی خەڵکی خۆمان دەبێت".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار