کێشەی کۆمپانیاکانی کۆکردنەوە و گواستنەوەی زبڵ و خاشاکی دھۆک چارەسەر کرا

دھۆک-KDP.info- بەرپرسی بەشی ژینگە لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی دھۆک گوتی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پارەی کۆمپانیاکانی کۆکردنەوە و گواستنەوەی زبڵ و خاشاکی خەرج کرد کە ماوەی چەند مانگێکە سولفەی خۆیان وەرنەگرتووە و کێشەکەیانی چارەسەر کرد .
دیار سادق، بەرپرسی بەشی ژینگە لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نزیکەی شەش ملیار دیناری خەرج کردووە، ئەمەش پارەی ئەو کۆمپانیایانەیە کە کاری کۆکردنەوە و گواستنەوەی زبڵ و خاشاکی دھۆک دەکەن و چەند مانگێکە سولفەی خۆیان وەرنەگرتووە و ئێستا بۆیان خەرج کراوە و لەمەودوا سولفەکانیان بۆ خەرج دەکرێت.''
دیار سادق گوتیشی: ''گرێبەستی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیا ھەیە و بۆ ھەر ناوچەیەک کۆمپانیایەک کار دەکات، لەوانە کۆمپانیای ئەرتووش لە سەنتەری دھۆک و سێمێل کار دەکات و کۆمپانیای ئێم ئار ئێف لە شێخان و بەردەڕەش و ئاکرێ کار دەکەن و چەند مانگێکە پارەی خۆیان وەرنەگرتووە، سێمێل چوار مانگە وەرینەگرتووە و کۆمپانیای ھیزل و کاڤین گرووپ لە ئامێدی پارەیان وەرنەگرتووە و کۆمپانیای ھیزل لە زاخۆ چەند مانگێکە پارەی وەرنەگرتووە، بەڵام لە کاری خۆیان بەردەوامن و بە جوانترین شێوە کاری خۆیان دەکەن و لە ھەموو شوێنەکانی دیکە باشتر کاری خۆیان دەکەن.''
لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە پارێزگەکانی ھەرێمی کوردستان و ئیدارە سەربەخۆکان، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی دا لەسەر خەرجکردنی بڕی (٥،٨٧٤،٣٧٢،٠٠٠) دینار، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی خاوێنکردنەوە و داپۆشینی خۆڵ و خاشاک لە پارێزگای دھۆک بۆ ماوەی یەک ساڵ کە لە ڕێکەوتی ١/٩/٢٠٢١ تاوەکوو ٣١/٨/٢٠٢٢، بڕی پارەی تەرخانکراو لەسەر بودجەی ئاسایی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دھۆک خەرج دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




