بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێم: زیاتر لە نیوەی بیرەکانی ئاو لە ھەولێر وشک بوون

هەولێر -KDP.info- وشکەساڵ کاریگەریی لەسەر ئاوی ژێر زەوی ھەبووە و بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێمیش دەڵێت، نزیکەی ٦٠%ی بیرەکانی ھەولێر و دەوروبەری وشک بوون و دەشڵێت، بەو بودجەیەی سەرۆکی حکوومەت دابینی کردووە کێشەی کەمئاوی چارەسەر دەکەین.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چاوەڕێی نووسراوی وەزارەتی دارایی دەکەین بۆ خەرجکردنی ئەو حەوت ملیار دینارەی لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ چارەسەرکردنی کەمئاویی ھەولێر تەرخان کراوە و، دەست بە ئامادەکاری دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی خواردنەوە، بەتایبەتی ئەو بیرانەی وشک بوون لەگەڵ ژمارەیەک بیری نوێ بەو پارەیە لێدەدرێن کە ژمارەیان ١٣٨ بیرە و دەکاتە ٨%ی بیرەکانی سنووری ھەولێر.''
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو ڕوونی کردەوە: ''بەھۆی کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوییەوە نیوە زیاتری ئەو بیرانەی ئاو بۆ ھاووڵاتییان دابین دەکەن، وشک بوون و دەتوانم بڵێم ٦٠%ی بیرەکان وشک بوون، ھەموو ئەو بیرانەی وشک بوون و ئەوانەی نزیکن لە وشکبوونیش بیری بەدیلیان بۆ لێدەدرێت.''
ئاری ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دابینکردنی ئەو بودجەیەی دوێنێ لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لەسەر درا، ھەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی بتوانین کێشەی کەمئاوی لە شاری ھەولێر و دەروبەری چارەسەر بکەین، چونکە پارەکە بۆ ئاوی ھەولێر و دەوروبەر و بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشەی کەمئاوییەوە.''
قائید میرۆ




