دکتۆر بێوار خنسی: دەستپێشخەریی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە

ھەولێر -KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە ھەفتەی داھاتوو شاندێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەت لە بواری نەوت ڕەوانەی بەغدا بکات، ڕاوێژکارێکی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، دەستپێشخەریی سەرۆکی حکوومەت زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی بتواندرێت لەڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکرێن.
دکتۆر بێوار خنسی، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لە سەرەتاوە ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ ئەوەی لەڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت، لە ھەموو بوارەکان و لە بواری نەوتیشدا، بۆیە چوونی شاندێکی حکوومەتی ھەرێم بۆ بەغدا کارێکی باشە بۆ ئەوەی سەقامگیری دروست بێت و ھەموو کەرتەکان وەکوو ئابووری و بازرگانی و کەرتەکانی دیکە بە یاسایی بکرێن، بۆیە ئومێدەوارین ئەمە ببێتە دەرفەتێکی باش بۆ چارەسەر و کێشەی نەوت بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێت.''
دکتۆر بێوار خنسی گوتیشی: ''چوونی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەستپێشخەرییەکی باشە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە لەڕێگەی گفتوگۆ و بەپێی دەستور کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات و دەبێتە ھەنگاوێکی باش بۆ ئەوەی لێک نزیکبوونەوە دروست بیت و کار بکەین بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن.''
بڵند ئیبراھیم




