شەڕی کۆڕێ ڕژێمی ناچار کرد داوای ئاگربەست بکات

هەولێر-KDP.info- لە کاتی ھێرشی فراوانی ڕژێمی ئەوکاتی عێراقدا ھێزەکانی پێشمەرگە لە ڕۆژانی دوای ڕاپەڕین لە چەندین میحوەرەوە بەرەنگاری ھێزەکانی ڕژێمی بەعس بوونەوە و لە دەربەندی کۆڕێ دوای پێنج ڕۆژ بەرگری ھێزەکانی پێشمەرگە سەرکەوتنی گەورەیان تۆمار کرد و گەورەترین ھێرشی بەعسیان تێک شکاند.
ھەڵگورد خدر، فەرماندەی پێشمەرگە و بەشداربووی شەڕی کۆڕێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی شاری کەرکووک لە ئەنجامی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان ئازاد کرا، ئیدی ڕژێم ھێرشێکی بەرفراوانی دڕندانەی کردە سەر کوردستان و کۆچی ملیۆنیی خەڵکی کوردستان دەستی پێ کرد، ھێزی پێشمەرگە پلانی بەرگریی دانا و ھێزەکانی پارتیمان پێش ئەوەی بگاتە پیرمام بەرەنگاری ھێرشی ڕژێمی بەعس بووینەوە و بەرگریمان دەستی پێ کرد.''
شەڕی کۆڕێ لە ڕۆژی ٧ی نیسان دەستی پێ کرد و تا ١٢ی نیسان درێژەی کێشا، لەو ماوەیەدا ھێزەکانی بەعس بە جۆرەھا چەک ڕووبەڕووی ھێزەکانی پێشمەرگە بوونەوە و دەیانویست پێشڕەوی بکەن بەرەو شەقلاوە و سۆران، بەڵام پێشمەرگە توانیی ئەنجامی ھێرشەکە پێچەوانەوە بکاتەوە و زیانی گەورەی بە ھێزەکانی دوژمن گەیاند.
ھەڵگورد خدر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "شەڕی گەورە کەوتە پیرمام و ڕژێم پیرمامی داگیر کرد، ھێزەکانی پێشمەرگە لە کۆڕێ سەنگەریان بەرامبەر بە ھێزەکانی ڕژێم دیاری کرد و لە ڕۆژی ٧ی نیسانی ١٩٩١ کاتێک ڕژێم ویستی پێشڕەوی بکات ھێزەکانی پێشمەرگە گورزی گەورەیان لە ھێزەکانی ڕژێم وەشاند و سەرۆک بارزانی، خۆی سەرپەرشتیی ھێزەکانی پێشمەرگە دەکرد.''
کاتێک ڕژێم نەبەردی پێشمەرگەی بینی لە کۆڕێ و نەیتوانی پێشڕەوی بکات دوای بەکارھێنانی چەندین پیلانی سەربازی و چەکی پێشکەوتووی ئەوکات بە ناچاری شەڕی ڕاگرت و داوای ئاگربەست و دانوستانی کرد لەگەل شۆڕش کرد.
قائید میرۆ




