٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دزەیی بۆ KDP: ھەوڵەکانمان بەو ئاڕاستەیە بۆ باشترکردنی په‌یوەندییەکانی هه‌رێمی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ھەرێمی کوردستان قۆناغێکی باشی پێوەندی دیبلۆماسی و ئابووری و کەلتووری لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی دەستپێکردووە، سەرۆکی فەرمانگەی په‌یوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێم دەڵێ، پێوەندییەکانمان لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی باشە و کاردەکەین بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتی لە چەند وڵاتێک لە کاتێکی گونجاودا.

سەفین دزەیی بەرپرسی په‌یوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرێمی کوردستان بەچەندین قۆناغ تێپەڕبووە، پێوەندییەکان لە شۆڕشی کوردی لە ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠ ڕاستەوخۆ بووە، ساڵی ١٩٨٠ لە شەڕی عێراق و ئێران بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکان پشتیوانی ڕژێمی عێراقیان دەکرد، بەڵام پاش داگیرکردنی کوێت دیدی وڵاتانی عەرەبی لە بەرامبەر عێراق گۆڕدرا، بوونە بەشێک له‌ لەشکری ھاوپەیمانان بۆ دەکردنی لەشکری عێراق لە کوێت، لە ساڵی ١٩٩١ بۆ ٢٠٠٣ قۆناغێکی نوێی پێوەندی ھەرێمی کوردستان و دەوڵەتانی عەرەبی بوونی دەبێت".

سەفین دزەیی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "لە دوای ڕووخانی ڕژێمی عێراق و ڕێگەدانی چەسپاندنی سیستەمی فیدڕاڵی و ڕێگەدان بە بوونی په‌یوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ھەرێمی کوردستان، په‌یوەندییەکان پەرەیان سەندووە، شاندی دیبلۆماسی وڵاتانی عەرەبی دێنە ھەرێمی کوردستان و شاندی ئێمەش دەڕۆنە وڵاتانەوە، لەئاستی سەرۆک و سەرۆک وەزیران، لە ئێستاشدا وڵاتانی ئیماراتی عەرەبی و کوێت و سعودیە و ئوردن و میسر و فەڵەستین کونسوڵخانەیان لە ھەولێر ھەیە، پێشتریش کونسوڵخانەی سودانیش لە ھەولێر ھەبوو بەڵام بەھۆی بارودۆخی ئەو وڵاتە دایان خست".

دزەیی دەڵێ: "ھەرێمی کوردستان خواستی ھەیە په‌یوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بەرەو پێشەوە بەرێت، ئێستاش لە ئاستێکی باشین لە ماوەی ڕابردوو شەقامی عەرەبی بەشێوازێکی تر تەماشای قەزییەی کوردی دەکرد، بەھۆی ئەو پڕوپاگەندانەی ڕژێمی پێشوو لەسەر ھەرێمی کوردستان کردبوونی، کارکرا بۆ گۆڕینی ئەو دیدە نادروستە، پێمان وایە ئێستا زۆرباش دیدی شەقامی عەرەبی لەسەر کوردستان گۆڕدراوە".

ناوبراو ئاماژەی بۆئەوەکرد: "لە ڕووی ئابوورییەوە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو پێوەندییەکی باش ھەیە، لەگەڵ وڵاتانی کوێت و میسر و لوبنان ئوردن و چەند وڵاتێکی تریش، بە بایەخەوە تەماشای ئەو په‌یوەندیانە دەکەین".

"خوازیاری ئەوەین وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی لە چەند وڵاتێکی عەرەبی بکەینەوە، ھەوڵەکانیشمان بەو ئاڕاستەیە لە کاتێکی گونجا و ئیمکانیاتی پێویست لە بەردەستبوو نوێنەرایەتی لە چەند وڵاتێکی عەرەبی دەکەینەوە، بۆ باشترکردنی پێوەندییەکان لە ڕووی سیاسی و کەلتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەکادیمی، سەفین دزەیی وای گوت".

بەرپرسی په‌یوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: "شاندی دیبلۆماسی کوردستان زوو زوو سەردانی وڵاتانی کەنداو دەکەن، لە ماوەی دوو ھەفتەی ڕابردووش سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لە ئیماڕات بوو، پێشتریش سەردانی وڵاتانی بەحرێن و قەتەر و ئوردنی کردووە، بۆیە کار دەکرێت سەردانەکان زیاتربن و په‌یوەندییەکان لەڕووی دیبلۆماسی و ئابووری ئەکادیمی و زانستی زیاتر بڕۆینە پێشەوە".

ھەروەھا سەفین دزەیی، جەخت دەکاتەوە: "په‌یوەندی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی زۆرگرنگە کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ٢٢ دەوڵەتن، کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدایە، بۆیە بە پێویستی دەزانین پێوەندییەکانمان لەگەڵ دنیای عەرەبی پتەو بکەین ھەوڵدەدەین زیاتر ڕوونکردنەوە ھەبن لەسەر دۆزی ڕەوای گەلەکەمان، ئەگەر تاکو ئێستاش ڕوئیایەکی نادروست ھەبوبێت، بتوانین ئەو ڕوئیایە باش بکەین شۆفێنییەکان بەشێوازێکی تر باسی کوردستانیان دەکرد، بەوەی بنیاتنانی ئیسرائیلی دووەم لە ناوچەکە بەشێکی تری پڕوپاگەندەیە، بەڵام خۆشبەختانە بەھۆی ئەو دیدارە پایە بەرزانەی لە نێوان ھەردوولادا ھەبووە، تاکو ڕادەیەکی باش تواندراوە ئەو ڕوئیا و بۆچونانە بگۆڕدرێن، په‌یوەندییەکان بگەیەندرێتە ئاستێکی باش و مەجالی باشتربوون ھەیە وەک کردنەوەی نوێنەرایەتی لە چەند وڵاتێک و پەرەپێدانی په‌یوەندی ئابووری و کەلتووری، لە په‌یوەندییەکانمان ئاسوودەین و متمانەیەکی باش ھەیە لە نێوانمان".

 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار