٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"خاڵەکانی چاکسازیی پێشمەرگە کەم کراونەتەوە بۆ جێبەجێکردنیان"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، بەشێکی زۆری چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە جێبەجێ کراوە و بەشێکی ماوە و پێویستی بە کاتە، دەشڵێت، ھەندێ خاڵی پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە لەپێناو جێبەجێکردنیان کەم کراونەتەوە و تێکەڵ کراون.

لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "پڕۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و پڕۆسەیەکی فراوانە، پێشتر ژمارەیەک خاڵ بۆ چاکسازییەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دیاری کرابوون، بەشێک لەو خاڵانە جێبەجێ کراون، بەشێکی دیکەیان ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کراون.''

بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: "ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی پشتگیریی پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە دەکەن و ھاوکارن بۆ ئەوەی ھەموو پاکێجی چاکسازییەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.''

لیوا قارەمان شێخ کەمال ڕوونیشی کردەوە: "چاکسازییەکەی پێشمەرگە پێشتر لە ٣٥ خاڵدا دیاری کرابوو، بەڵام بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە شێوەیەکی خێراتر بەڕێوە بچێت، ژمارەی خاڵەکان کەم کراونەتەوە و تێکەڵ کراون بۆ ئەوەی کاتێکی زۆر نەخایەنێت، ئێستا ژمارەیەک لەو خاڵانەی چاکسازی لەبەر دەستی لیژنەی چاکسازیدان بۆ کارکردن.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار