زەحمەتکێشان و سۆسیالیست و بزووتنەوە.. کوردستان یەک بازنە بێت و لە کاتی خۆیدا ھەڵبژاردن بەڕێوە بچێت

ھەڵەبجە-KDP.info- پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕوونی ڕایگەیاند، لەگەڵ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدایە، ئەگەر بێت و یەکێتی و سەرۆکی پەرلەمان بیانەوێت ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە نەچێت، ناچارین زۆرینەی پەرلەمانی بەکار بھێنن.
سێ حیزبی کوردستانی پشتیوانیی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لەسەر بنەمای دوایین ھەڵبژاردن و یەک بازنەی ھەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند.
بەختیار کەریم، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی سۆسیال دیموکرات پشتیوانی ئەوەیە ھەڵبژاردنەکانی ئایندەی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنیش سیمایەکی جوانی دیموکراسی بە وڵات دەدات، بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان کوردستان دەباتە قۆناخێکی گرینگ".
بەختیار کەریم گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین پڕۆسەی ھەڵبژاردن بە یەک بازنە بەڕێوە بچێت، داواش دەکەین کۆمیسیۆن ھەموار بکرێتەوە و لەسەر بنەمای ھەڵبژاردنەکانی پێشوو حیزبەکان بەشداری بکەن، پێشمان وایە دەبێتە ھۆی سەرخستنی ھەڵبژاردنەکان، ھاوکات ھەڵبژاردن بۆ قۆناخێکی نوێی حوکمڕانی دەکرێت، بۆیە داوا دەکەین ھێزەکان بگەنە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکانیش لە ئایندەدا سەرکەوتوو بێت".
عەبدولڵا وەرتێ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەپێناو پاراستنی دەنگی ھاووڵاتییانی کوردستاندا ئێمە وەک بزووتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ یەک بازنەی ھەڵبژاردنین، پێمان وایە پێویستە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، تێبینیمان لەسەر بەڕێوەچوونی حوکمڕانی ھەیە، بۆ ڕزگاربوونی کوردستان بژاردە ئەوەیە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت".
ناوبراو گوتیشی: "دەبێت کۆی حیزبەکان لەگەڵ ھەڵبژاردندا بن، بۆ مانەوە لە دەسەڵات نابێت تەگەرە بخەنە بەردەم پڕۆسەی ھەڵبژاردن، داواش دەکەین بگەنە ڕێککەوتن بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن".
گۆران جەلال، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "زەحمەتکێشان و شیوعی و پارتی گەلی کوردستان، بە ھاوبەشی وەک سێ پارتی چەپ دیدی خۆمان بۆ سێ بابەت داوە بە پەرلەمان، یەکەم ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، دووەم کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن، کۆمیسیۆنێکی پڕۆفیشناڵ بێت، سێ سیستەمی یەک بازنەی ھەڵبژاردن بەڕێوە بچێت و دەنگی حیزبەکان بەفیڕۆ نەچێت".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "زۆرینە و کەمینە لە پەرلەمان کارێکی دەستووری و یاساییە، بەڵام داوا دەکەین بگەنە سازان لەو بارەوە، ڕێککەوتنێکی باش ئەنجام بدەن بۆ خەڵکی ھەرێمەکەمان".
عەزیز ڕەسووڵ




