نانەواخانە و سەموونخانەكان پێشوازی دەكەن لە بڕیاری مەسرور بارزانی بۆ كەمكردنەوەی نرخی كارەبا لەسەریان

هەڵەبجە -KDP.info- دوای كۆبوونەوەی سەرۆكوەزیرانی كوردستان لەگەڵ نوێنەری نانەواخانە و سەموونخانەكان، بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی پارەی كارەبایان بە ڕێژەی 50% و، نانەواخانە و سەموونخانەكان پێشوازی لە بڕیارەكە دەكەن و داوا دەكەن حكوومەت نرخی ئاردیشیان بۆ داببەزێنێت.
بەرهەم هەڵەبجەیی، خاوەنی نانەواخانە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەگشتی بڕیارەكەی سەرۆكوەزیران بۆ كەمكردنەوەی نرخی كارەبا لەسەر خاوەن نانەواخانە و سەموونخانەكان بڕیارێكی باشە، هاوكارییە بۆ ئەوەی نرخی نان گران نەبێت".
گوتیشی: "داوا دەكەین ئەو بڕیارەش جێبەجێ بكەن كە بۆ دابینكردنی ئارد بۆ نانەواخانە و سەموونخانەكان، هاوكارییەكی زۆر جدی دەبێت و نرخی نان زۆر هەرزان دەكات لە بازاڕ و بۆ خەڵكی زۆر باش دەبێت، شەش نان نابێتە هەزار و نرخی نان دەچێتەوە شوێنی خۆی کە هەشت نان و سەموون بە هەزار دینار بوو".
چەندان نانەواخانەی نانی هەورامی و تیری ئێستا لە كوردستان كراوەتەوە، ئەوانیش بڕیارەكەیان پێ باشە، لەو بارەوە، كاڵێ محەمەد، خاوەنی نانەواخانەی كاڵێ، لای گوتی: "بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەت بۆ كەمكردنەوەی پارەی كارەبا زۆر باشە، بەڵام ئێمە زیاتر پشت بە غاز دەبەستین، بەهیواین بڕیارێكیش دەربچێت بۆ هەرزانكردنی نرخی غاز و دابینكردنی غاز بۆمان، لەگەڵ دابەشكردنی ئارد بەسەرماندا بەو نرخەی حكوومەت خۆی دیاری بكات.''
ناوبراو گوتیشی: "ماوەی چەند ساڵێكە هاووڵاتییان زۆر ڕوویان لە كڕینی نانی هەورامی و تیری كردووە، خواستێكی زۆری لەسەرە و ئێستا بووەتە كاڵایەكی گرنگ لە ماركێتەكاندا، چونكە خواست لە شارە گەورەكان بۆ نانی هەورامی زۆر زیادی كردووە''.
سامان مەحموود، خاوەنی نانەواخانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە گەڕانەوەی 50% پارەی كارەبا زۆر كاریگەریی باشی دەبێت لەسەرمان و بڕیارێكی زۆر باشە و پێشوازیی لێ دەكەین".
هاوشێوەی هاوپیشەكانی سامان مەحموود ئاماژە بەوەش دەكات: "بڕیاری گرنگ بۆ هاوكاریی نانەواخانە و سەموونخانەكان و دابەزاندنی نرخی نان لە بازاڕ و دابینكردنی ئاردە لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە بۆمان ئەوە كاریگەریی گەورەی دەبێت و بڕیارێكیی واش هەیە داوا دەكەین جێبەجێ بكرێت، فەردەی ئار نرخەكەی 41 هەزار دینارە، ئاردی بایەعییش 33 هەزارە، ئەوەش نرخێكی زۆرە لەسەرمان و وای كردووە نرخی نان بەرز بێتەوە".
عەزیز ڕەسوڵ




