بەخێرایی بەرێوەچوونی كارهكانی شەقامی ١٥٠ مەتری له KDPیهوه بزانه

ھەولێر-KDP.info- سەرپەرشتیاری دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتری ھەولێر ڕایگەیاند، قۆناغی دووەمی شەقامی ١٥٠ مەتری ھەولێر زۆرینەی تەواو بووە و دوای گرێبەستکردن کارکردن لە قۆناغی سێیەمیش دەستی پێکردووە، کە لە بەحرکە تا دەگاتە ڕێگای دھۆک و ٦.١ کم دەبێت و بەچڕی کاری تێدا دەکرێت و بەردەوام دەبێت کارکردن تا تەواو دەبێت، چونکە شەقامەکە بڕیارە بە قۆناغ بەردەوام بێت تا تەواوبوونی.
کەیفی فارس، سەرپەرشتیاری دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتری ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دروستکردنی قۆناغی دووەمی شەقامی ١٥٠ مەتری ھەولێر دەستی پێکردووە و ئێستا ئەوان ستافێکی نوێی ھەمان کۆمپانیای خۆمان ھێمن گروپ کاری تێدا دەکەن، ئەمەش دوای ئەوەی گرێبەست بۆ دروستکردن و دەستپێکردنی قۆناغی سێیەمی شەقامی ١٥٠ مەتری ئیمزاکرا و بەشێوەی کرداری کارەکان دەستی پێکردووە و ئێستا بەچری کاری تێدا دەکرێت".
فارس باسی لەوەشکرد: "قۆناغی سێیەم ئێستا لە بەحرکە تا دەگاتە گەزنە ئەو ڕێگایەی بۆ دھۆک دەچێت کاری تێدا دەکرێت، کە درێژیەکەی ٦.١ کم دەبێت و بەچڕی کاری تێدا دەکەن و کارەکانیش بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو قۆناغەش تەواو دەبێت، چونکە بڕیارە شەقامەکە بە قۆناغ تەواو بکرێت، کە ئێستا لە قۆناغی سێیەم دایە".
کەیفی فارس گوتیشی: "بۆ قۆناغی دووەمیش کارەکانمان بەردەوامە و ڕێژەی تەواو بوون ٦٥% زیاتر دەبێت و ھەردوو ڕێگا سەرەکیەکان و ڕێگا خزمەتگوزاریەکان تەواوبوونە و دوو قات قیریشمان لێداوە لە ڕێگای شەقلاوە تا نزیک ڕێگای کەسنەزان و پردەکانیش زۆرینەی تەواوبوونە و ئێستا لە پردی کەسنەزان کار دەکرێت".
ناوبراو وتیشی: "قۆناغی دووەم زۆرینەی کارەکانی تەواوبووە و ھەر ئەمساڵ ئەو بەشە تەواو دەبێت و بەڕووی شوفێران دەکرێتەوە و کارکردن لەبەشی سێیەمیش بەردەوام دەبێت".
سەرپەرشتیاری دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتری ھەولێر ڕوونیشی کردەوە: "کارەکان زۆر باش و بەخێرایی بەرێوەدەچن و کاری زۆر باش کراوە، چونکە کارەکان ھیچ نەوەستاوە و بەردەوام کاری تێدا دەکرێت، بۆیە توانیومانە لە ماوەیەکی کەمدا کاری زۆر باش بۆ دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتری ئەنجامبدەین".
شەقامی ١٥٠ مەتری ھەولێر کە بە شێوەیەکی ستانداردی جیھانی دروستکراوە، کە درێژییەکەی ٧٠ کیلۆمەترە و شەقامەکە بە شێوەیەکی بازنەییی خێرا کە ھیچ وەستانێکی تێدا نییە، کۆی پڕۆژەکە بەسەر ٥ قۆناغدا دابەشبووە و ئێستاش کار لە قۆناغی سێیەم دەستی پێکردووە.
بڵند ئیبراھیم




