حکوومەتی ھەرێم، سەرجەم بەڵگەنامەکان بەپێی ستاندارتی جیھانی ئامادە دەکات

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی رزگارکراوانی ئێزدی لە دەستی داعش گوتی، لە ئێستادا دەستمان کردووە بە ھاوکاری وەزارەتی ناوخۆ و ڕێکخراوێکی جیھانی بۆ بەدیجیتاڵکردنی بەڵگەنامەکانی داعش دژی کوردانی ئێزدی بۆ ئەوەی ئەو کارەساتە بە جینۆساید بناسرێت، چونکە ئەمە ڕێگا خۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی ئەو کارەساتە بە جینۆساید بناسرێت، دەشڵێ، لەپاڵ ئەوەشدا ھەوڵدان بۆ رزگارکردنی کوردانی ئێزدی بەردەوامە، بەڵام سێ ھۆکار بوونەتە ھۆی ئەوەی رزگارکردنیان وەکو پێویست نەبێت.
حوسێن قایدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "نووسینگەی ئێمە بە ھاوکاری وەزارەتی ناوخۆ و ڕێکخراوی یونی تابی جیھانی ھەرسێکمان پێکەوە ئەو بەڵگانەی کۆکراونەتەوە بە ھەموو جۆرەکان کە داعش دژی کوردانی ئێزدی ئەنجامیداوە بە دیجیتاڵدەکرێن، بۆ دوو مەبەستە ھەم بۆ ئەوەی لەناو نەچن و ھەمیش بۆ ئەوەی ببێتە ڕێگا خۆشکەر بۆ بەجینۆساید ناساندنی کارەساتەکە، چونکە ئەو ڕێگایە زۆر باشە بۆ ئەوەی کارەساتی شنگال بە جینۆساید بناسرێت".
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش گوتیشی: "بەردەوام کاری لەسەر دەکەین، کە ئێستا نووسینگەکەمان لە دھۆک بۆ ھەولێر گوازراوەتەوە".
حوسێن قایدی ڕوونیشی کردەوە: "ھەر کارێک بەپێی ستاندارتی نێودەوڵەتی دروستبکرێت زۆر کاریگەری دەبێت زیاتر لەوەی کە لە ناوخۆ دروستدەکرێت، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھەموو ڕێگایەک دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی کارەساتی شنگال بە جینۆساید بناسرێت و ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدات".
قایدی باسی لەوەشکرد: "لەپاڵ ئەوەش ئێمە لە رزگارکردنی کوردانی ئێزدی بەردەوامین و تا ئێستا ٣ ھەزار و ٥٥٠ کەس رزگارکراون، بەڵام رزگارکردنی ھەندێک کەمبووەتەوە، ئەویش بۆ سێ ھۆکار دەگەرێتەوە، یەکەم کۆرۆنا زۆر کاریگەری ھەبوو و دووەم ئەوانەی ماون لەناو کەمپی ھۆلێ دان کە چوون بۆ ئەوێ زەحمەتە و سێیەمیش حکوومەتی عێراق ھاوکاری ئێمە ناکات بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ رزگارکردنیان بکەین".
بەپێی ئامارێک زیاتر لە چوار ھەزار بەڵگەنامەی جۆراوجۆری کردەوەکانی داعش دژی کوردانی ئێزدی کۆکراونەتەوە و سەرجەمیان بە ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵ دەکرێن و جگە لەوەش زیاتر لە ٢ ھەزار و ٥٠٠ کوردی دیکەی ئێزدیش لە دەستی داعش ماون رزگار بکرێن.
بڵند ئیبراھیم




