٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سامان بەرزنجی، هۆکاری نەبوونی دەرمان لە پارێزگای سلێمانی ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە هۆکاری نەبوونی دەرمان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ نەبوونی پارە دەگەڕێنەوە کە لە بانکەکانی سلێمانی نەختینەی تێدا نییە.

لە لێدوانێکیدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان گوتی: نەمانی دەرمان لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی لە ڕووکارە کارگێڕییەکەیەوە تەواو کراوە تا دەگاتە چەکی بانکی لەوێدا کۆمپانیاکانی دەرمان گرفتیان هەیە، کە پارەیان بۆ خەرج ناکرێ، ئەوەش بەهۆی ئەوەیه‌ كه‌ نەختینە لە بانکەکاندا نییه‌.

باسی لەوەشکرد کە لیژنەیەکی باڵا لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی و نوێنەری وەزارەتی دارایی پێکهێنراوە سەردانی سلێمانی دەکەن و لەو کێشەیە دەکۆڵنەوە، چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پارەی پێویستی بۆ تەندروستیی سلێمانی تەرخان کردووە، بەڵام پارە لە بانکەکان نییە تا بۆ دەرمان خەرج بکرێت.

وەزیری تەندروستی لەبارەی پارەی تەرخانکراو بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی گوتی: مانگانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یەک ملیار و دووسەد ملیۆن دینار و بۆ کڕینی دەرمان دوو ملیار و 250 ملیۆن دینار و 450 ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەی دڵ لە سلێمانی و  700 ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەی هیوا خەرج دەکرێت، کە کۆی گشتی نزیكەی چوار ملیار دینارە، جگە لە مووچەی کارمەندان و کرێی کارەبا و خەرجیی سووتەمەنی ئۆتۆمبێلەکان.

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار