خەسرۆ گۆران بۆ KDP: وەکو پارتی ئامادەین

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دهڵێ، سەرۆکی ھەرێمی كوردستان کە ئەندامێکی پارتیە وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی دیاریکردووە، ھەروەھا کۆمیسۆن کە سەرۆکەکەی پارتیە بە پەرلەمانی وتووە زیندوومان بکەنەوە، ئێمەش وەکو پارتی ئامادەین، بهڵام سەرۆکی پەرلەمان یەکێتیە، ئێستا دەپرسم کێیە کە کۆبوونەوەی پەرلەمان ناکات یان نایەوێ کۆبوونەوەکە بکرێت.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو پارتی ھەردەم لەگەڵ ئەوەبووین کە ھەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیدا بکرێت، ئێمە ئەو بابەتەمان لەگەڵ لایەنەکانی تریش پێش ٤ مانگ زیاتر وروژاندووە، بە قسە ھەموو دەڵێن ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنین، سەرۆکی ھەرێمیش ١ی١٠ دەستنیشانکرد وەک وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، بەڵام کۆمیسیۆن وەڵامی سەرۆکایەتی ھەرێمی دایەوە کە ئەوان ناتوانن ھیچ ھەنگاوێک بھاوێژن تا پەرلەمان نوێیان نەکاتەوە چونکە ماوەی یاساییان بەسەرچووە".
لێرەدا خەسرۆ گۆران دەڵێ: "پارتی ئامادەیە کۆمیسیۆن زیندوو بکاتەوە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت تاوەکو ئەم ھەڵبژاردنە دەکرێت و دواتر دەتوانرێت کۆمیسۆنێکی تر دابندرێت، کێشەکەش ئەوەیە لایەنەکانیتر دەڵێن نەخێر ئەبێت یاساکە ھەموار بکرێتەوە، ئەوان کۆمەڵێک شەرت ئەدۆزنەوە کە مەفروزە ئەم شەرتانە پێش ١ ساڵ یان ٢ ساڵ پێشکەشی پەرلەمانیان بکردایە، نەک لەم ماوە کەمەی ماوە، ئێستا دەستبەرین بۆ ھەمواری یاساکە، کاتێکی زۆری دەوێت و ئەو کاتەش لەبەردەستدا نەماوە تاوەکو دەستکاری یاساکە بکەین، ئەو لایەنانەی نیازی دەستکاریکردنیان ھەبوو ھەر دەبوایە دوای ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ پڕۆژەیان پێشکەش کردبا".
پارتی دژی ئەوە نیە دەستکاری یاساکان بکرێت، ئەمە قسەی گۆرانە و پێی وایە، بەمەرجی باشتر بوون و ئەوەی لە بەرژەوەندی خەڵکییە ئەوە بکرێت، دەشڵێ، ئەو لایەنانەی ئەو بابەتە دەوروژێنن تەنھا بۆ ئەوەیانە ھەڵبژاردن نەکرێت.
ناوبراو جەخت دەکاتەوە: "ئەم بابەتە ھیچ لە ئەستۆی پارتی نیە، بۆ بەرچاوڕوونی لایەنەکان، سەرۆکی ھەرێم کە ئەندامێکی پارتیە وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی دیاریکردووە، ھەروەھا کۆمیسۆن کە سەرۆکەکەی پارتیە بە پەرلەمانی وتووە زیندوومان بکەنەوە، ئێمەش وەکو پارتی ئامادەین، ئێستاش تۆپەکە لە گۆرەپانی پەرلەمانە، پەرلەمانیش ھەموو لایەنە سیاسیەکانی تێدایە، بۆیە گرینگە پەرلەمان کۆببێتەوە و ئەو وادەیەی سەرۆکی ھەرێم دایناوە و کۆمیسیۆنیش داوای شەرعیەت دەکات بەھەند وەریبگرین ئەگینا ئەوەی باس دەکرێت زیاتر بیانوە لایەنەکان دەیھێننەوە".
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ئاماژە بەوەش دەکات: "بە بۆچوونی من کە یەکێتی ھێزی دووەمە لە کوردستان زیاتر مەسئولیەتەکە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان، ئەگەر یەکێتی بەدەم دەخوازیەکەی سەرۆکی ھەرێم و کۆمیسۆن بچن ھیچ کێشەیەک نابێت، بەڵام دیارە کە نایانەوێ، بە تایبەتیش کە سەرۆکی پەرلەمان یەکێتیە، ئێستا دەپرسم کێیە کە کۆبوونەوەی پەرلەمان ناکات یان نایەوێ کۆبوونەوەکە بکرێت، بێگومان سەرۆکی پەرلەمانە کە یەکێتیە".
ھەڵکەوت محەمەد




