وەزارەتی کارەبا بۆ KDP: کاتژمێرەکانی کارەبامان بۆ ١٧ کاتژمێر زیاد کردووە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بەڕێوەبەرایەتیەکی گشتی نوێ لە وەزارەت بەناوی وزە کراوەتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەتگوزاری لە بواری پێدانی کارەبا پێشکەشی ھاووڵاتی بکرێت بە کەمترین تێچوو، چونکە حکوومەت چەند لە ھاووڵاتی وەربگرێت دوو ھێندەشی دەخاتە سەر لەبەر ئەوەی وزە گرانە، بەڵام ئێستا کاتژمێرەکانی کارەبا لە مانگی رەمەزان زیادکراوە بۆ ١٧ کاتژمێر.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئومێد ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری وزە کرایەوە کە بۆ مەبەستی ئیش و کاری سیاسەتی ئابووری وزەیە کە زۆرترین بەرھەم بە کەمترین تێچوو بەرھەم بێنێت و ئەوەی پەیوەندی بە کڕین و فرۆشتنی وزە ھەیە ئەو سەرپەرشتی دەکات و داھاتی خۆی کۆنترۆڵ دەکات و خەرجیەکان بەجۆرێک رێکبخات کە بە کەمترین پارە زۆرترین بەرھەمی ھەبێت، کە خەرجی زۆر لە داھات کەمترە، چونکە ئەو پارەی لە ھاووڵاتی وەردەگیرێت حکوومەت دوو ھێندەشی لەسەر داناوە وەکو پاڵپشتی، لەبەر ئەوەی تێچووی کارەبا زۆر لەسەر حکوومەت دەکەوێت، بۆیە ئێمە ئەو بەڕێوەبەرایەتیەمان کردۆتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەتگوزاری بەکەمترین تێچوو پێشکەش بکەین".
ئومێد ئەحمەد گوتیشی: "ئێستا بۆ مانگی رەمەزان کاتژمێرەکانی کارەبامان زیاد کردووە بۆ ١٧ کاتژمێر و کار دەکەین بۆ ئەوەی زیاتریش بکرێت، چونکە ئامانجی ئێمە زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبایە ئەگەر کێشەمان بۆ دروست نەکرێت".
بڵند ئیبراھیم




