٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زانا مەلا خالید: سبەی فراکسیۆنی پارتی کۆتا هەڵوێستی دەربارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی کوردستان ڕادەگەیەنێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- پارتی دیموکراتی کوردستان تەواوی ئامادەکاریی کرد و تەنانەت سەرۆکی هەرێم ڕۆژیشی بۆ دیاری کرد کە هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە وادەی خۆیدا بکرێت، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتییش دەڵێت، لایەنەکانی تر بیانوو دەهێننەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن دوا بخرێت.

پەیوەست بەو دەستپێشخەرییانەی پارتی دیموکراتی کوردستان کردوویەتی بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت و بێهەڵوێستی و بیانووهێنانەوەی لایەنە سیاسییەکانی نێو پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا نەکرێت، زانا مەلاخالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان حەوت مانگ بەر لە ئێستا یەکەم دانیشتنمان لە ٣ی ١١ی ٢٠٢١ ئەنجام دا لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی تر و سەرۆکی پەرلەمان، حەوت کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کردووە، لە حەوت کۆبوونەوەکەدا لە ئەوەڵەوە تاوەکوو ئێستا فراکسیۆنی پارتی پێداگر بوو لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت، ئەگەر گرفتێکی یاسایی هەبێت لەبەردەم هەڵبژاردن و کێشەی کۆمسیۆنە، بفەرموون چارەسەری بکەین بۆ ئەوەی نەبێتە بیانوو بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دوا بخرێت، بەڵام بەداخەوە هەندێک لایەن نایانەوێت هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بۆیە بەردەوام گرفتیان بۆ پرسی کۆمسیۆن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن دروست دەکرد، تاوەکوو ئەوەی فراکسیۆنی پارتی داوای کرد بە ئیستحقاقی ئینتخابی کۆمسیۆنەکە دروست بکەینەوە، دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی هەڵبژاردنی دیاری کرد و سەرۆکی حکوومەت فەرمانی دەرکرد بەوەی پێداویستییە لۆجستییەکانی هەڵبژاردن ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی کە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە بچێت، ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان هاتینە سەر ئەو بۆچوونەی لایەنەکانی دیکە و گوتمان بفەرموون با کۆمسیۆن وەک خۆی بمێنێت و کارای بکەینەوە، تەنیا لەپێناوی ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە بچێت.''

زانا مەلا خالید دەڵیت: “کە ئەو مبادەرەیەمان کرد، هیچ وەڵامێکمان نەدیت لەلایەن برادەران، بەتایبەت فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بێن و بڵێن بەڵێ باشە ئێمە ڕازین لەسەر ئەو داوایە، چونکە داوای خۆیان بوو پێشتر، تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوە بوو لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و، لە ١ی ١٠ی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، شایەدیش ئەوەیە کە جەنابی نێچیرڤان بارزانی، کاتەکەی دیاری کرد و سەرۆکی حکوومەت پێداویستییەکانی دابین کرد.''

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان زیاتر دەڵێت: ''ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان نەرمیمان نواند بۆ ئەوەی کۆمسیۆنەکە وەک خۆی کارا بکرێتەوە، بەڵام ئێستا ماوەیەکی زۆر کەم، نزیکەی شەش مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردن، ئینجا فراکسیۆنی یەکێتی هاتووە پڕۆژەیەک پیشکەش دەکات بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ئەمە خۆی لە خۆیدا هێنانەوەی بیانووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردەکانی کوردستان لە کاتی خۆیدا ئەنجام نەدرێت، بەڵام ئێمە پێداگرین کە هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و هیچ کۆسپێک بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دروست نەکرێت.''

زانا مەلا خالید گوتیشی: “هاوپێچ لەگەڵ ئەو پێشهات و ڕاوبۆچونانەی کە باسمان کرد بۆ ئەو بابەتانەی دێنە پێشەوە، تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵوێستی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لەو بارەیەوە و ئەو پێشهاتانەی دێنە پێش و دەبارەی هەڵوێستی فراکسیۆنەکانی تریش کە دێنە پێش، سبەی سێشەممە ٥ی ٤ی ٢٠٢٢، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ کۆ دەبینەوە و بۆ ڕای گشتی و هاونیشتمانیانیشی ڕوون دەکەینەوە و دواتر بەیاننامەمان دەبێت و کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسییش ئەنجام دەدەین.''

فایزە کۆیی

 

هەواڵی پەیوەندیدار