ئەکرەم ئەحمەد: بەنداوەکانی ھەرێم مەترسییان لەسەر عێراق نییە

هەولێر -KDP.info- دوای ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دروستکردنی چوار بەنداوی دەرکرد، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ھۆشداری داوە لەبارەی کاریگەریی ئەو چوار بەنداوە و بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانیش لە وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم رەتی کردەوە ھیچ کاریگەریی لەسەر عێراق ھەبێت.
ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری پێشووی بەنداوەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''ئەو چوار بەنداوەی حکوومەتی فیدراڵ باسی لێوە دەکات لە سەردەمی بەندە دەست بە پڕۆژەکانیان کراوە، راستییەکەی ئەوەیە حکوومەتی بەغدا پێی خۆش نییە ھەرێمی کوردستان ھیچ بەنداوێک دروست بکات، ئەوان دەیانەوێت ئەو ئاوەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە بە خاوی و بەتەواوەتی بۆ ناوچەکانیان بچێت.''
بەرپرسەکەی حکوومەتی ھەرێم دەڵێت: "لە کاتی ھەبوونی لافاو و ھاتنی بارانی زۆریش ئەو ھەموو ئاوە بۆ ناوچەکانی عێراق دەچێت، ئەوان بۆچی باسی ناکەن و سوودی لێ وەردەگرن، ئەو پرسە لە کاتی دانوستانەکان چارەسەر دەکرێت.''
ئەکرەم ئەحمەد روونی کردەوە: "دروستکردنی بەنداو لە ھەرێمی کوردستان کاریگەریی ئەوتۆی لەسەر ئاوی عێراق نابێت، بەپێچەوانەوە لە زۆر حالەتدا لەوانەیە سوودی ھەبێت بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، دواتر ھەندێ لەو بەنداوانەی دروست دەکرێن ھەر سەرچاوەی خۆمانە و ھەرێمی کوردستان دەیەوێت سوود لە ئاو وەربگرێت بۆ داھاتوو و کاتی پێویست.''
قائید میرۆ




