بێوار خنسی: پێویستە پاڵاوگەیەکی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان هەبێت

هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکارێکی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەگەر هات و پاڵاوگەیەکی نیشتمانیی خۆمانەمان هەبێت، کە ماوەیەک بەر لە ئێستا وامان گوتووە، هەرێمی کوردستان لەجیاتی نەوتی خاو، نەوتی سپی و بەنزین و پێکهاتەکانی بفرۆشێت، قازانج و سوودی زۆر زیاتر لە ئێستا دەبینێت.
کونسوڵی ئەمەریکا دەڵێت: ''بەمزوانە پاڵاوتن و بەرهەمهێنانی بەنزین بە کوالێتییەکی بەرز بۆ کوردستان تەواو دەبێت کە تەکنەلۆژیای ئەمەریکی هاوکاریی بەرزکردنەوەی توانای پیشەسازیی هایدرۆکاربۆنی هەرێمی کوردستان دەکات''.
پەیوەست بەمە و شرۆڤەی زیاتر، دکتۆر بێوار خنسی، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “ئەمەریکا وڵاتێکی بەهێزە لە لایەنی تەکنەلۆجیای پیشەسازیی نەوت و گاز و توانای باشی هەیە و ئەگەر کاری بەجدی بکات، دەتوانێت بە ماوەیەکی کورت، سێ بۆ شەش مانگ پاڵاوگەیەکی پاڵاوتنی نەوت بهێنێتە کوردستان و لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا چەند کێڵگەیەکی نەوت دابنێت و نەوتی خاو بکاتە بەنزین و نەوتی خاو و مشتەقاتەکانی تری لە نەوتی خاوەوە بەرهەم بهێنێت، ئەو کاتەش تا ڕادەیەک کێشەی بەنزین و نەوتی سپی چارەسەر دەبێت لە هەرێمی کوردستان.''
خنسی دەشڵیت: ''ماوەیەک بەر لە ئێستا، هەمیشە دەمانگوت هەرێمی کوردستان پێویستە و دەبێت پاڵاوگەیەکی نیشتمانی دابنێت، ئەو کاتە زۆر قازانجی لە فرۆشتنی نەوتی خاو پتر دەبوو، لەم حاڵەتەدا، دەتوانرا نەوت و سووتەمەنی (نەوتی سپی و بەنزین) دابین بکەین بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها بەهای بەرمیلیکی نەوتی خاو زۆر کەمترە لە بەهای بەرمیلێکی نەوتی خاو کە بپاڵێورێت بۆ بەنزین و نەوتی سپی.''
د. بێوار خنسی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: “داهاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ٢ـ٣ جار پترە، ئەگەر داهاتی فرۆشتنی نەوتی خاو بێت، ئەو کاتە ڕەوشی ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بەرزتر دەبێتەوە. مەسرەفی بۆڕیی نەفت و کڕین و گواستنەوەی (اجرە النقل واجرە انبوب تصدیر النفط الخام) زۆر کەم دەوەستێت لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەرفەتی هەلی کار بۆ هاونیشتمانیانی خۆمان دەڕەخسێت، ڕەوشی سەقامگیری زۆر باشتر دەبێت و سەقامگیرتر دەبێت، لە لایەنە ئابوورییەکەیەوە بەهای نەوتی خاو بە ڕێژەیەکی مەزن دەگۆڕدرێت، بەڵام بەهای مشتەقاتەکانی نەوتی خاو زۆر کەم دەگۆڕدرێن، ئەمە دەبێتە هۆی جێگیربوونی ئابووری و بازاڕی هەرێمی کوردستان.''
فایزە کۆیی




