نەجوە کاکەیی: ڕوخاندنی خانووی کوردانی کاکەیی ڕاگیرا

کەرکووک-KDP.info- ماوەی چەند ڕۆژێکە لەلایەن ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووک لە ژێرناوی پڕۆژەی گەشتیاری لەسەر خاسە، ھەوڵی ڕوخاندنی ١٨٠٠ خانووی کوردانی کاکەیی دەدرێت، بەڵام بە ھەوڵی پەرلەمانتارێکی پارتی و وەزیری شارەوانی عێراق کە کوردە، ڕوخاندنی خانووەکان ڕاگیرا.
نەجوە حەمید کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فڕاکسیۆنی پارتی، لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو خانووانەی بڕیاربوو بڕوخێندرێن بۆ پڕۆژەیەکی گەشتیاری لەسەر ئاوی خاسە ١٨٠٠ خانوون، لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی چووینە شوێنی پڕۆژەکە، لەملا و ئەولای پڕۆژەکە دەبێت تێکبدرێت بۆ پڕۆژەکە".
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ئێمە تەکیدمان لەوە کردەوە نابێت خانووەکان بڕوخێندرێن تەنھا ئەگەر ئەو باخچە و شوێنی بەخێوکردنی پەلەوەرانە نەبێت ھاووڵاتییان دروستیان کردوون، بەڵام نابێت دەستکاری خانووی ھاووڵاتییان بکرێت، خەڵکی ئەو شوێنە باری ئابووریان باش نییە و ھەژارن، ناتوانن جارێکی تر خانوو بۆ خۆیان بنیات بنێنەوە".
کاکەیی وتیشی: "ئێستا بەرنامەی ڕوخاندنی خانووەکانیان ڕاگرتووە، تاکو بزانین دەتواندرێت پڕۆژەکە بە پێچەوانەی ماڵەکان ئاوەکەی بڕوات، ڕووبەری زەوییەکی زۆر ھەیە دەتواندرێت بۆ پڕۆژەکە بەکار بھێندرێت، داوای قەرەبوو نەکراوە لەلایەن ھاووڵاتییانەوە ئێمە دەبینە پارێزەری ئەوان بۆ ئەوەی خانووەکانیان نەڕوخێت".
لەگەڵ خاتوو نازەنینی وەزیر قسەم کردووە، نازەنین خان پێمانی وت ئێمە زیانی ھاووڵاتییانی خۆمانمان ناوێت، ڕێگا ھەبوو پێچەوانەی ماڵەکان پڕۆژەکە دەکەین یان ئەوەتا کارکردن لە پڕۆژەکە ھەر ڕادەگرین لە ئێستادا، تاکو بزانین بوودجە پەسەند دەکرێت و لەگەڵ خێزانەکان دادەنیشین و داواکاریان چییە بۆیان بکەین، نەجوە کاکەیی وای گوت".
ھەروەھا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "مەلەفەکانی داگیرکردنی زەوی کورد و تورکمان لە بەردەستمانە لەگەڵ دەست بەکارکردنی لیژنەکان ئەو کەیسانە دەجوڵێنین، ھێشتا بە عەرەب کردن و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات لە لایەن ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووک بەردەوامە، بە فرتوفێڵ خەڵک دەھێنن و لە کەرکووک نیشتەجێ دەکەن دەیکەنە یاسایی و ڕێگری لەو سیاسەتە دەکەین، کەرکووک شارێکی کوردستانییە و عەرەب و کورد و تورکمانی ڕەسەنی تێدا دەژین".
عەزیز ڕەسووڵ




