عەبدولرەحمان سدیق: بڕیارە تەکنەلۆژیای نوێ بھێنین بۆ ھەرێم... ھیچ زیانێکی نابێت

ھەولێر-KDP.info- لە ڕۆژی ژینگەی ھەولێر کە ئەمڕۆ بوو، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان گوتی، بۆ ئەوەی کارگەکان زیانیان بۆ سەر ماڵان نەبێت، بڕیارە تەکنەلۆژیای نوێ بێنین بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەوەش بە ھاوبەشی لەگەڵ عێراق دەبێت.
سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، عەبدولرەحمان سدیق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "ڕۆژی ١٦ی٤ وەکو ڕۆژی ژینگەی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام گرینگە تەنانەت گەڕەکێکیش ڕۆژی ژینگەی ھەبێت و ژینگە ببێتە باسی رۆژیان، بۆیە داوامان لە فەرمانگەی ژینگەی خۆمان کردووە ھەر یەکەیان ڕۆژێک بۆ خۆیان دیاری بکەن لە ھەرێمی کوردستان کە تێکەڵی بۆنەی نیشتیمانی و نەتەوەیی نەکەن بۆ ئەوەی ون نەبێت، و ئەمڕۆ ڕۆژی ژینگەی ھەولێرە".
سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "ئەمڕۆ ڕاگەیاندنی ڕۆژی ژینگەی ھەولێرە کە ئەمە یەکەم ساڵە و چەند چاڵاکیەک ئەنجام دەدرێت وەکو چاندن و کۆنفڕانسێکیش ئەنجام دەدرێت، لەبری زەرف کاغەز بەکاربێت، بۆیە ئەم بۆنەیە ڕادەگەیەنین و ساڵی داھاتوو کە تەواوی پڕۆژەکان ئەنجام دەدرێت ڕایدەگەینین و دەزانین چیمان کردووە، بۆیە ساڵی داھاتوو چاوەڕێ پڕۆژەی گەورە دەکەین".
عەبدولرەحمان سدیق گوتیشی: "پێشتر باس لەوەدەکرا پێویستە کارگە دووربن لە شوێنی نیشتەجێبوون، بەڵام بەھۆی ئەوەی سنوورەکان بەردەوام لە فراوان بووندان ناتواندرێت بەردەوام کارگەکان بگوازرێنەوە، چونکە ڕووبەری زەوی دیاری کراوە، بۆیە ئێستا کار دەکرێت لەگەڵ عێراق بۆ ئەوەی تەکنەلۆژیای نوێ ھاوردە بکرێت ئەو کات کارگە لە نزیک ماڵیش بێت گازی زیان بەخش سفر بکرێتەوە، چونکە وڵاتان ئێستا ئەو کارە دەکەن، بۆیە لەگەڵ شارەوانی کار دەکەین کە یەک گواستنەوە ھەبێت و چیتر نەبێت و بە جێگیری بمێنێنەوە".
بڵند ئیبراھیم




