مونا قەھوەچی: سیستەمی فرەبازنەییی ھەڵبژاردن ڕەت دەکەینەوە

هەولێر-KDP.info- سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە ناوی پێکھاتەکانەوە دژایەتیی خۆی بۆ سیستەمی فرەبازنەیی ھەڵبژاردن ئاشکرا کرد و دەڵێت، بە ھیچ شێوەیەک ڕازی نابن دەستکاریی کۆرسیی کۆتاکان بکرێت، چونکە پێچەوانەی خواستەکانی گەلانی نێو ھەرێمی کوردستانە.
مونا قەھوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێکھاتەکان دژی سیستەمی فرەبازنەیی ھەڵبژاردنن و ئەگەریش یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە و سیستەمی فرەبازنەیی جێگیر بکرێت بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەوە نابێت کۆرسیی کۆتاکان بگرێتەوە، لەبەر ئەوە ئێمە بە ھیچ شێوەیەک ڕازی نین بە سیستەمی فرەبازنەیی و دژی دەوەستینەوە، وەک پێکھاتەی کریستیان و تورکمان ھەڵوێستی خۆمان دیار کردووە.''
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ھەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق بە نموونە ھێنایەوە و دەڵێت: "ئەزموونی فرەبازنەیی بۆ ھەڵبژاردن ساڵی ڕابردوو لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بینیمان چ کێشەیەکی پەیدا کرد.''
گوتیشی: ''فرەبازنەیی کارەساتە بۆ پێکھاتەکان و لە ھەڵبژاردنی ڕابردووی عێراق بەھۆی جێبەجێکردنی سیستەمی فرەبازنەیی گورزێکی گەورە بە پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان کەوت.''
مونا قەھوەچی ڕوونیشی کردەوە: "پێکھاتەکان لەسەر ئەو دەنگۆیانەی باس لە دەستکاریی کۆرسی کۆتا دەکەن کەوتوونەتە جووڵە و پەیامیان بۆ لایەنە سیاسییەکان ناردووە لەسەر دەستکاری کۆرسیی کۆتاکان.''
قائید میرۆ




