سبهی ٤ی٤ ڕۆژی ژینگەی ھەولێره

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ھونەری لە دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سبەی ڕۆژی ژینگەی ھەولێرە و بڕیارە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک چاڵاکی ئەنجامبدرێن، لەوانە ئەنجامدانی کۆنفڕانس و پێشانگایەک و ھەڵمەتێکی دارچاندن و ھۆشیارکردنە و چەندین چالاکی دیکە.
ئازاد نووری عەوڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە سبەی ڕۆژی دووشەممە لە ھەولێر ڕۆژی ژینگەی ھەولێر کە ھەموو ساڵێک ٤ی٤ دانراوە زیندوو دەکرێتەوە و دانانی ئەو ڕۆژەش بەمەبەستی زیاتر گرینگی دانە بەژینگە و بڕیارە سبەی یادەکە لە فاخیر مێرگەسۆری بکرێتەوە، کە وەزیرەکان و بەڕێوەبەری گشتی و پارێزگار و بەرپرسانی دیکەی حکوومەت ئامادەی یادەکە دەبن".
عەوڵا باسی لەوەشکرد: "لەو یادە کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن، لەوانە ھەڵمەتێکی دارچاندن و کردنەوەی پێشانگایەکی کەلوپەلی فرێدراو دووبارە بەکارھێندراون و ھۆشیارکردنەوەی خەڵکی دەبێت بۆ پاراستنی ژینگە و باسی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و چەند چالاکیەکی دیکە ئەنجام دەدرێن".
ناوبراو وتیشی: "سبەی کاتژمێر ٩ی بەیانی لە فاخیر مێرگەسۆری یادی ڕۆژی ژینگەی ھەولێر دەکرێتەوە، کە ھەر لەو شوێنەش بە ھەزاران دار چێندراون".
بڵند ئیبراھیم




