٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دڵشاد بارزانی و ئەنوەر مەسیفی بەشداریان له‌ مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی زیگی بارزانی كرد

سەرچاوە: KDP.info

ئەڵمانیا -KDP.info- بە ئامادەبوونی بەڕێز دڵشاد بارزانی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا، ھەڤاڵ ئەنوەر مەسیفی بەرپرسی لقی ٦ی ئەوروپای پارتیمان بەشداریکرد لە مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی دۆستی گەلی کوردستان بەڕێز زیگفرید مارتش ناسراو بە (زیگی بارزانی).

لە مەڕاسیمەکەدا کە لە شاری بۆڕکین لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، کەس و کار و دۆستانی کۆچکردوو ئامادەبوون، بەرپرسی لقی ٦ی ئەوروپا وتارێکی پێشکەشکرد کە تێیدا پرسە و سەرەخۆشی لقی ٦ی ئەوروپای ئاراستەی خانەوادە و کەس و کار و دۆستانی بەڕێز زیگفرید و تەواوی گەلی کوردستان کرد و ھیوای سەبوری بۆ ھەموو لایەک خواست.

ھەڤاڵ ئەنوەر مەسیفی ئاماژەی بەوەدا کەوا بەڕێز زیگی مارتش یەکێک بووە لە دۆستە راستەقینەکانی گەلی کورد، وە لەدوای ڕاپەرینە مەزنەکەی ساڵی۱۹۹۱ بەکردار و ‌پراکتیک لە ھەموو بوارەکاندا ھاوکاری و پاڵپشتی زۆری پێشکەش بەگەلی کوردستانی کردووە، ھەر لەسەرەتاوە ھاوکاری مرۆیی گەیاندووەتە باشووری کوردستان، ھەروەھا پشتگیری تەکنیکی بۆ ئەنجامدانی یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە ساڵی ١٩٩٢ کردووە، وتیشی لەبەر خۆشەویستی و رێزگرتنی بەرێزیان لە خەباتی گەلی کورد بەڕابەرایەتی سەرۆک مسعود بارزانی ناوی لەخۆی ناوە (زیگی بارزانی).

بەرپرسی لقی ٦ی ئەوروپا، باسی ئەوەی کرد کەوا بەڕێز زیگفرید بەردەوام سەردانی کوردستانی دەکرد و ناوەندی کەلتووری ئەڵمانی دامەزراند و ھەرخۆشی بەرپرسی ناوەندەکە بوو، ھەروەھا بەرێز زیگی ھەوڵی سەرکەوتوانەی داوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا و کوردستان.

ئەنوەر مەسیفی وتیشی: "زیگی بارزانی پاڵپشتیەکی گەورەی لە پرۆسەی ڕیفراندۆمی کوردستان لەساڵی ۲۰۱۷ کرد و چالاکانە لە نێوەندە جیاوازەکاندا کەمپینی پشتگیری بۆ دەکرد، بەکۆچی دوایی زیگی بارزانی، کوردستان دۆستێکی گەورە و بەوەفای لەدەستدا، ھەڵوێستە دۆستایەتیەکانی بەرامبەر گەلی ستەمدیدی کوردستان ھەتا ھەتایێ لە دڵ و بیر و ھەستی ھەموو کوردێکدا دەمێنێتەوە".

شایانی باسە ھەڤاڵان سەگڤان ساڵح بەرپرسی مەکتەبی جەماوەری و خەڵات شێخ موڕاد بەرپرسی مەکتەبی دارایی لقی ٦ی ئەوروپا و ژمارەیەک لە کادیر و ئەندامانی پارتیمان ئامادەی مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی کۆچکردوو بەڕێز (زیگی بارزانیان) کرد.

هەواڵی پەیوەندیدار