وهزارهتی شارهوانی: بڕیارەكە تا 17ی مانگ بەردەوام دەبێت و دواتر درێژ ناكرێتەوە

ھەولێر-KDP.info- ئهمڕۆ یهكشهممه وهزارهتی شارهوانی و گهشت و گوزاری حكوومهتی ههرێمی كوردستان بڵاویكردهوه، لە 17ی ئەم مانگەدا بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی قەرزی ئاو كۆتایی دێت.
له راگهیاندراوهكهدا هاتووه: هێشتا كات ماوە و هاوبەشانی ئاو دەتوانن لە نزیكترین كاتدا سوودمەندبن لە بڕیارەكە تاوەكوو ئێستا بڕیاری لێخۆشبوونی ڕێژەی 15%ی قەرزی كرێی ئاو كاری پێدەكرێت و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەكە تاوەكوو 17/4/2022 بەردەوام دەبێت و دواتر درێژ ناكرێتەوە، پێویستە هاووڵاتییان لە ماوەی دیاریكراودا سەردانی فەرمانگەكانی ئاو بكەن.
پێشتر لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا كە بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، لەسەر پێشنیازی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەنجوومەنی وەزیران بە ڕەچاوكردنی دۆخی دارایی هاووڵاتییان، بڕیاری دا بە لێخۆشبوونی ڕێژەی 15%ی قەرزی كرێی ئاو، ئەم بڕیارەش لەلایەن هاووڵاتییانەوە پێشوازییەكی گەرمی لێ كرا و خەڵكێكی زۆر لە سەرتاسەری كوردستان لێی سوودمەندبوون.
ئێستا وادەی كۆتاییهاتنی بڕیارەكە نزیكبووەتەوە و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆش لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ، بڕیاری لێخۆشبوونی ڕێژەی 15%ی قەرزی كرێی ئاو تاوەكوو ڕۆژی 17/4/2022 كاری پێدەكرێت و دواتر درێژ ناكرێتەوە، بۆیە داوا لە سەرجەم ئەو هاوبەشانەی ئاو دەكەین كە قەرزی حكوومەتیان لایە، بەمەبەستی سوودمەندبوون لە بڕیارەكە لە نزیكترین كاتدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانی ئاو و بنكەكانی كۆكردنەوەی داهاتی ئاو بكەن و سوودمەندبن لە بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزی كرێی ئاو، چونكە دوای ئەو وادەیە بڕیارەكە درێژ ناكرێتەوە.
ڕامان وریا




