پەرلەمانتارێکی پارتی: ھاوپەیمانیی ڕزگارکردنی نیشتمان بەردەوام دەبێت

بەغدا -KDP.info- دوای پێشنیاری موقتەدا سەدر بۆ ئەوەی لە ماوەی ٤٠ ڕۆژدا لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە حکوومەتی نوێی عێراق پێک بهێنرێت، لایەنەکانی نێو ''ھاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمان'' ھەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند و پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەر پێشنیارێک بکرێت کاریگەریی لەسەر ھاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمان نابێت، لەبەر ئەوەی ھاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمان پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و بەردەوام دەبێت.
د. سەباح سوبحی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەڵوێستی ئێمە دیارە بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکان و پێشنیاری سەدر بۆ چوارچێوەی ھەماھەنگی و، ئەو ھاوپەیمانییە سێلایەنەی ئێمە لەگەڵ سەدر و سوننەکان کە بە ھاوپەیمانیی ڕزگاری نیشتمان ناسراوە، بەردەوام دەبێت، ھەروەک سەدریش ئاماژەی بۆ کردووە ھاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمان پڕۆژەیەکی ستراتیژییە.''
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەڵێت: "ئێمە دڵنیاین ھەوڵەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی سەر ناگرێت، چونکە ناتوانێت گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی پێک بێنێت، ناشتوانێت ببێتە زۆرینەی پەرلەمانی، لەبەر ئەوەی زۆرترین کۆرسی لەنێو ھاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمانە و پێکهێنانی کوتلەی گەورەتر ئەستەمە.''
لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆمار، د. سەباح سوبحی پێی وایە، کۆبوونەوەی پەرلەمان پەیوەستە بە ڕێککەوتنی نێوان سەدر و بەشێک لە چوارچێوەی ھەماھەنگی، ھەرکاتێک ڕێککەوتن ھەبێت ئەوە لە ماوەیەکی کەمدا دەکرێت بەرنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بڵاو بکرێتەوە و پەرلەمان کۆ ببێتەوە، تا ڕێککەوتن نەکراوە لەو بڕوایەدا نیم پەرلەمان ھیچ کۆبوونەوەیەک بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆمار بەڕێوە ببات.
قائید میرۆ




