٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامەکەی بایدن بۆ سەرۆکی هەرێم گوزارشت لە بەردەوامیی پاڵپشتیی ئەمەریکا لە کوردستان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەم نامەیەی دوێنێ لەلایەن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە بە دەست سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشت، مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکان دەڵێت، ئاماژەیەک بوو بۆ عێراق و دراوسێکانی کوردستان کە ئەمەریکا هاوبەشێکی گرنگی هەرێمی کوردستانە و دڵنەوایییەکیش بوو بۆ هەرێمی کوردستان لەدوای نیگەرانییەکانی سەرکردایەتیی کورد لەبارەی مووشەکبارانکردنی هەولێری پایتەخت.

دوێنێ چوارشەممە،٣٠ی ٣ی ٢٠٢٢، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی ‏کوردستان، نامەیەکی لە جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە ‏پێ گەیشت. پەیوەست بەمە، دکتۆر زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرای زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە کاتی مووشەکبارانەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەم مووشەکانە ڕاستەوخۆ ئاراستەی ئەمەریکا نەکراون، بەڵکوو ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا کراون، خوێندنەوەی ئەمە لەلایەن هەرێمی کوردستان و خەڵکە بە شێوەیەکی گشتی و هەموو پارتە سیاسییەکانەوە ئەوە بوو کە ئەمەریکا ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندییەکانی نەدرێت، خۆی لێ بەساحیب ناکات، واتا بە کورتییەکەی جگە لەمەش، نیگەرانی لەلایەن هەرێمی کوردستان دروست بوو، ئەمە بوو کە هەرێمی کوردستان بێ پشت و پەنایە، ئەم نیگەرانییە هەر بەدەوام بوو، هەتا لەلایەن سەرکردایەتیی سیاسیی و کوردەوە دانگدانەوەیەکی زۆری هەبوو لە میدیاکاندا''.

بە دڵنیاییەوە ئەمەریکییەکان هەستیان بەمە کردووە ئەم نیگەرانییە هەیە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بۆیە ئەم نامەیەی بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم پاڵپشتییەک بۆ نوێکردنەوەی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوو.''

دکتۆر زوبێر دەشڵێت: ''نابێت بیرمان بچێت هەرێمی کوردستان لانەیەکی ئارامە بۆ ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی تریش، ئاسانکاریی زۆر هەیە بۆ ئەمەریکییەکان و هەرێمی کوردستان ڕۆڵی باش دەگێڕێت لە عێراق، لە هەمان کاتیشدا ئێمە و عێراق لە سەروبەندی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقین، هەڵبەت لەوانەیە و وای بۆ دەچم لە دەرەوەی نامەکە شتی تریش هەبووبێت کە لە نێوان باڵیۆزی ئەمەریکا و سەرۆکی هەرێمدا گفتوگۆ کرابێت و بۆی هەیە ئەمەشی تێدا بێت کە داوا لە سەرۆکی هەرێم کرابێت ڕۆڵی زیاتر بگێڕیت بۆ لێک نزیکبوونەوەی لایەنە عێراقییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق، هەروەها لەم کاتەشدا ناکۆکییەک کەوتە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەدوای ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لە نەخشەی ئەو وزەیەی کە دەبێتە جێگرەوەی وزە بۆ بەشێکی بچووکی وڵاتانی ئەورووپا، لەم نێوەندە ئەمەریکا ڕۆڵی هاوشێوەی ناوبژیوانیش دەگێڕێت، لەوەیە زۆر ئاگادار نەبین لە نێوان حکوومەتی فیدراڵیی عیراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ئەمەریکا پشتگیری ئەوە دەکات کە وزە نابێت ڕێگای لێ بگیرێت''.

ئەم مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی زیاتری دا بەوەی کە ''نەرمییەک لە سیاسەتی ئەمەریکادا هەیە لە سەردەمی بایدن، بەڵام ئەمەریکا ئەم نامەیەی بۆ ئەوەیە کە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی ئەگەرچی نەرمین لەگەڵتان، مەبەست لە ''ئێران''، بەڵام هەر پشتگیری لە هەرێمی کوردستان دەکەین و هەر هاوبەشێکی گرنگمانە.''

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئەم نامەیە دڵنەوایییەک بوو بۆ هەرێمی کوردستان کە هەر پشتگیریی هەرێمی کوردستان دەکەین و، بە عێراق و دراوسێکەی (کوردستان) دەڵێت کە پشتگیریی هەرێمی کوردستانین و جێمان نەهێشتووە.''

فایزە کۆیی

 

هەواڵی پەیوەندیدار