بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: پێویستە هاووڵاتییان گرنگی بە پاراستنی ئاوی ژێر زەوی بدەن

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان گوتی، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئاوی ژێر زەوییەوە ئێمە هەڵمەتێکمان دەست پێ کردووە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاوی ژێر زەوی، چونکە نەک لە هەرێمی کوردستان، لە جیهانیش ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە و مەترسیی لەسەر هەیە، بۆیە گرنگە ئاو بەپێی پێویست بەکار بهێنرێت.
ئاری ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئاوی ژێر زەوی هەڵمەتێکمان لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سۆشیاڵمیدیا و کۆڕ و سیمینار دەست پێ کردووە و لە پارێزگای دهۆکیش ئەمڕۆ چەندین چالاکی بە هاوکاریی ڕێکخراوەکان ئەنجام دراون، بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بکرێتەوە لەسەر پاراستنی ئاوی ژێر زەوی، چونکە گرنگە هاووڵاتی بەپێی پێویست لە هەموو کارەکاندا گرنگی بە پاراستنی ئاوی ژێر زەوی بدات، لەبەر ئەوەی ئاوی ژێر زەوی سامانێکی گشتییە و پێویستییەکی سەرەکیی ڕۆژانەی هەموو تاکێکە.
بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، بەهۆی ئەوەی ئاوی ژێر زەوی مەترسیی لەسەر هەیە و ئاستی ئاو دابەزیوە، بۆیە پێویستە دەستی پێوە بگرین و پارێزگاریی لێ بکەین و خەڵک هۆشیار بکرێتەوە، بۆ ئەوەی قەدری ئاو بزانین، چونکە سەرچاوەی ژیانە بۆ مرۆڤایەتی.
گوتیشی: ''لە هەولێر و ناوچەکانی دیکەش لە سەرووی ڕێپێدراوییەوە ئاو بەکار دەهێنرێت، بۆیە ئەمەش ئاستی ئاو کەم دەکاتەوە و پێویستە ئاگادار ببن، چونکە کەمیی بارانبارین و کەشوهەوا و بەفربارینی کەم وای کردووە ئاستی ئاوی ژێر زەوی کەم بێت، بۆیە هاووڵاتی ڕۆڵێکی سەرەکیی هەیە لە پاراستنی ئاو و پێویستە بە شێوەیەکی سەردەمیانە لە بەکارهێنانی ئاو بۆ خواردنەوە و بۆ کشتوکاڵیش بەکار بهێنرێت و ئاو ڕیسایکلین بکرێت، تاوەکوو ئاو بە فیڕۆ نەچێت.''
بڵند ئیبراهیم




