"پرۆژەپێشنیازی پێشمەرگە دێرینەکان ئامادە دەکرێت"

هەولێر-KDP.info- پرۆژەپێشنیازی پێشمەرگە دێرینەکان ئامادە دەکرێت و سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگەش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، چەندین ماف بۆ پێشمەرگە دێرینەکان دیاری کراوە لەنێو پرۆژەپێشنیازەکەدا و چەندین خالی دیکەش دەبێت زیاد بکرێت، لەوانە دیاریکردنی ڕۆژی پێشمەرگە و پێدانی میدالیا بۆ هەموو پێشمەرگە.
ڕێڤینگ هرووری، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پرۆژەپێشنیازی پێشمەرگەکانی ئەیلوول و گوڵان و دێرین لەبەردەستی پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام هەر پرۆژەیاسایەک ڕەهەندی داراییی هەبێت، ئەوە پێویستی بە ڕەزامەندیی حکوومەتە، چونکە ناشکرێت پرۆژەیاسایەک دەربچێت و لە ڕووی پاڵپشتیی دارایییەوە لە توانای حکوومەتدا نەبێت، بەڵام پێم وایە ئەگەر پرۆژەپێشنیازەکە بچێتە بواری کارکردن بارگرانیی ئەوتۆ دروست ناکات بۆ حکوومەت.
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە گوتی: "لە ڕێگەی فراکسیۆنەکانەوە پرۆژەپێشنیازەکە دراوەتە لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی پێویستی بە پاڵپشتی پارتی و یەکێتی هەیە بەهۆی ئەوەی زۆرینەی پێشمەرگە دێرینەکان سەر بەو دوو لایەنەن.''
ڕێڤینگ هرووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پرۆژەپێشنیازی پێشمەرگە دێرینەکان هەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی پێشمەرگەی دێرینیش بە دامەزراوەیی بکرێت، بەپێی پرۆژەکە خاڵی زۆر باشی تێدایە و چەندین مەرج دیاری کراون بۆ دیاریکردنی پێشمەرگەی دێرین کە پێشمەرگەی دێرین لە ساڵی ١٩٦١ دەست پێ دەکات تاکوو ٥ی ئاداری ١٩٩١ هەر کەسێک سێ ساڵ بەبێ دابڕان پێشمەرگە بووبێت بە پێشمەرگەی دێرین هەژمار دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت لای دادوەر دۆسیەکەی یەکلا بکرێتەوە ئەمەش هەنگاوێکی باشە پێداچوونەوە بە لیستی پێشمەرگەی دێرین.
قائید میرۆ




