وەزیر: ئەم كۆنفراسە بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكان زۆر گرنگە

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حكووومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، تەنھا لە ساڵی 2021دا لە نەخۆشخانە حكوومییەكان 13 ملیۆن پشكنین بۆ نەخۆشەكان كراوە و دەشڵێت، ئەم كۆنفراسە نێودەوڵەتییە ڕۆڵێكی باشی دەبێت لە دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكان و پێوست ناكات نەخۆش بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكەی نموونە بنێرێتە دەرەوە.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە كۆنفراسی نێودەڵەتیی دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكان گوتی: ئەم كۆنفراسە بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكان زۆر گرنگە و چەند پسپۆڕێكی بیانی و زانكۆی شاھانەی بەریتانیا بەشدارن و ئەوان 12 خاڵ لەبارەی دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكانەوە دەخەنە ڕوو و كار بەو خاڵانە دەكرێت، ئەمەش كاریگەریی لەسەر دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكان دەبێت.
گوتیشی: لە ماوەی ساڵی 2021دا تەنھا لە نەخۆشخانە حكوومییەكان 13 ملیۆن پشكنین بۆ نەخۆشەكان كراوە و لە كاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆناشەوە تا ئێستا زیاتر لە چوار ملیۆن و نیو پشكنینی ''پی سی ئاڕ'' كراوە كە سەرەتا سێ ئامێری پشكنینی كۆرۆنامان ھەبوو ئێستا 36 ئامێرمان ھەیە.
لەبارەی ڕێكارەكانی كۆرۆناش گوتیشی: ئەو ڕێنماییانە دیاری كراون و لە سبەی ھەینییەوە دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە.
ڕامان وریا




