شاندێکی باڵای پەرلەمانی کوردستان لە بارزان سەردانی مەزاری نەمرانیان کرد

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی باڵای پەرڵەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و بە بەشداریی مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمان لە بارزان سەردانی مەزاری بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشەزیندوویان کرد.
دوای دانانی تاجەگوڵینەی شاندی باڵای پەرلەمان لەسەر مەزاری نەمران و خوێندنی فاتیحا، هێمن هەورامی لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: ''شاندەکەی ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان پێک هاتووە لە نوێنەرانی پێکهاتە جیاوازەکان و لە دیوان و ڕاوێژکارانی پەرلەمانی کوردستان و هاتووینەتە حزووری مەزاری بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشەزیندوو بۆ ئەوەی سۆز و وەفا و دڵسۆزیی خۆمان بۆ ڕێبازی بارزانیی نەمر دووپات بکەینەوە''.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان گوتیشی: ''بارزانیی نەمر ئەو تاکە سەرکردە مێژووییەی گەلی کوردستانە کە سەرکردایەتیی درێژترین و سرکەوتووترین شۆڕشی لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستاندا کردووە''.
هێمن هەورامی ئاماژەی بە ڕۆڵە جیاوازەکانی بارزانیی نەمر لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورددا کرد و گوتی: ''بارزانیی نەمر بەتەنیا سەرکردەی شۆڕشی ئەیلوول نەبوو، بەڵکوو بزوێنەر و داینەمۆی سەرەکیی پاراستنی کۆماری کوردستان بوو، هەروەها بە ڕۆیشتنی بۆ یەکێتیی سۆڤیەت و تەسلیمنەبوون بە ئیرادەی داگیرکەری دەوڵەتانی ناوچەکە، ڕێبازێکی سیاسیی بۆ کوردستان داڕشت کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مرۆڤ و پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و کوردایەتی و نیشتمانپەروەری خەبات دەکات و تا ئێستاش مەزنترین و پڕبەهاترین سەرچاوەی ئیلهاموەرگرتنە بۆ ڕزگاریی خاکی نیشتمان و ئازادیی خەڵکی کوردستان''.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وەک شانازییەک ئاماژەی بەو بڕیارە تەشریعییەی پەرلەمان کرد کە وێنەی بارزانیی نەمری لەناو دڵی پەرلەمانی کوردستاندا بەرز کردووەتەوە و گوتی: ''وێنەی بارزانیی نەمر هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە وەکوو سیمبولێک بۆ نیشتمانپەروەریی بارزانیی نەمر و ئەو جۆرە سیاسەتەی کە لەسەر باوەڕ بە ئازادی و تێکۆشان لەپێناو مافی خەڵکی کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی کوردستان داڕێژراوە''.
هێمن هەورامی جەختی لەوەش کردەوە کە ''وەکوو پەرلەمانی کوردستان تا ئێستاش ڕێ و ڕێبازی بارزانی ئیلهامبەخشێکی گەورەیە بۆ ئێمە کە بتوانین لە هەموو بوارەکاندا، چ پڕۆسە یاسادانان بێت، یان پڕۆسەی چاودێریکردن بێت، هەمیشە خەڵکی کوردستان لە باڵاترین پێگەدا بهێڵینەوە و بتوانین خزمەتگوزاریان بین''.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: ''ئێمە لە کاتێکدا لێرەین و سۆز و وەفا بۆ ڕێبازی بارزانیی نەمر نوێ دەکەینەوە کە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لەبەردەم کۆمەڵێک هەڕەشەی جدیدایە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە و زامنی قەوارەی هەرێمی کوردستان پیویستمان بە بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازی بارزانییە''.
ساڵانە بۆ دووپاتکردنەوەی سۆز و وەفا و ڕێزگرتن لە خەبات و بەرخودانی بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشەزیندوو بە ھەزاران کەس لە چین و توێژەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان لە بارزان سەردانی مەزاری نەمران دەکەن.
ڕامان وریا




