کاتژمێر ١٢ی شەو بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر ڕایگەیاند، بڕیارە ئەمشەو بڕیاری گەشتکردن بێ کارتی ڤاکسین بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ھاووڵاتیش ئەگەر کارتی ڤاکسینیشی پێ نەبێت تەنھا تێستی کۆرۆنای پێبێت دەتوانێت گەشت بکات یاخود بێتە ھەرێمی کوردستان.
ئەحمەد ھوشیار، بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا کە گەشتکردن لە ڕێگەی فرۆکەخانەکان نەبێتە مەرج، ئەمشەو کاتژمێر ١٢ی شەو بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە لە فرۆکەخانەکەی ئێمە و لە گەشتەکانماندا بۆ ڕۆیشتن و ھاتنیش مەرجەکە نامینێت".
ئەحمەد ھوشیار گوتیشی: "ھەر کەسێک بیەوێت گەشت بکات لای ئێمە کارتی ڤاکسینیشی نەبێت دەتوانێت گەشت بکات، بەڵام تێستی کۆرۆنای پێبێت، ئەگەر ئەو وڵاتەی گەشتی بۆ دەکەن ھەرچی لێ داوا بکەن ئەوا پێویستە جێبەجێی بکەن، چونکە ئەوە لەدەسەڵاتی ئەوان دایە".
ھوشیار باسی لەوەشکرد: "بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات دێنە ھەرێمی کوردستان ئەگەر کارتی ڤاکسینیشیان پێ نەبێت دەتوانن بێنە ھەرێمی کوردستان و تەنھا تێستی کۆرۆنایان پێ بێت و ئەگەر کارتی ڤاکسینیشیان پێ بێت ئەوکاتیش دەتوانن بێنە ھەرێمی کوردستان".
بڵند ئیبراھیم




