حوسێن حەمە کەریم: بەغدا ھێشتا بەردەوامە لە قەدەغەکردنی بەرھەمی ھەرێمی کوردستان

هەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت، حکوومەتی فیدراڵ لە ڕێگەی دانانی خاڵی گومرکییەوە کێشە بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ھەرێمی کوردستان دروست دەکات و وەزارەتی کشتوکاڵیش لە ھەوڵەدایە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.
حسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتر ئەو خاڵە گومرکییانە ھەبوون، بەڵام دواتر لا دران و ئێستا لە ھەموو ئەو درەوازانەی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە دەبەستنەوە خاڵی گومرکی دانراون و ڕێگری دەکەن لە ھەناردەی بەرھەمی کشتوکاڵیی ھەرێمی کوردستان.''
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت: "لە نێوان کشتوکاڵی ھەرێم و فیدراڵدا ھەماھەنگی ھەیە و ھەموو ھەوڵێکمان خستووەتە گەڕ بۆ لادانی ئەو قەدەغەیە، چونکە زیانی بۆ جووتیاران و بازرگانان ھەیە.''
هەر لەم بارەیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو بەرھەمانەی لە دەرەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێن و لێرەوە دەچنە ناوچەکانی دیکەی عێراق، قەدەغە نەکراون، بەڵام دووبارە باجیان لێ وەردەگیرێت، ئەمە لە کاتێکدایە لە دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بە شێوەی فەرمی ھاوردە کراون و باجیان لێ وەرگیراوە.''
قائید میرۆ




