٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دھۆک.. تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ چووە بواری جێبەجێکردن

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- لە شاری دھۆک تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ کەوتە بواری جێبەجێکردن و سەرۆکی لیژنەی تاپۆکردنیش دەڵێ، تا مانگی ئەیلوول دوا وادەیە بۆ وەرگرتنی مامەڵەی خاوەن خانووی زێدەڕۆ.

شینوار عەبدولعەزیز، سەرۆکی لیژنەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لە دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەسەر ڕاسپاردەی پارێزگاری دھۆک لیژنەیەکی باڵا بۆ تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لە دھۆک پێکھاتووە و لە ڕێگەی چەند لیژنەیەکی لاوەکی دەست بە پڕۆسەی وەرگرتنی مامەڵەی ھاووڵاتیان کراوە، لە سنوری ھەردوو شارەوانی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای دھۆک".

سەرۆکی لیژنەکە گوتی: "تا ئێستا چوار ھەزار مامەڵە پێشکەشکراون و ڕۆژانە ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵک سەردانی لیژنەکانمان دەکات بە مەبەستی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ، دوای وەرگرتنی مامەڵەو پێداچوونەوەیان لیژنە سەردانی خانووی زێدەڕۆ دەکات، تا بەگوێرەی یاسای ژمارە حەوتی ھەموارکراو ڕەزامەندی لەسەر تاپۆکردن بدات".

شینوار عەبدولعەزیز ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "تا ٩ی مانگی ئەیلوولی داھاتوو مامەڵەی خانووی زێدەڕۆ وەردەگرین و کۆتایی بە پڕۆسەی وەرگرتن دێت، ھەر خانووێکیش دوای پێداچوونەوە بکەوێتە شوێنی خزمەتگوزاری، ئەوا بە پارچە زەویەک قەرەبوو دەکرێتەوە، کە پارچە زەویەکە لە ٢٠٠ مەتر کەمتر نەبێت".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار