داهاتی ئاو لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە بەرزبوونەوەیە

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، داهاتی ئاو بە شێوەیەکی گشتی لەچاو ئەو دەمانەی پارەکە زیاترە و لە تەواوی ئەو ناوچانەی دەکەونە خوارووی بەنداوی دەربەندیخان و ناوچەی سلێمانی و دوکان بەو ڕێژە ئاوەی هەیە دەکرێت پێداویستیی هاووڵاتییان پڕ بکرێتەوە، جگە لەوەی تا ئێستاش ئاست و ڕێژەی ئاو لە بەنداوەکاندا ڕۆژانە ڕوو لە بەرزبوونەوەیە.
ڕەحمانی خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکانی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداو و کۆگاکانی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای مانگی 12ی ئەمساڵەوە لە سەرجەم ئەو بەنداوە ستراتیژییانەی کە هەمانە (دوکان، دەربەندیخان، دهۆک) لە قۆناغی گواستنەوە و گلدانەوەی ئاوداین و تا ئێستاش ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی داهاتی ئاوی بەنداوەکان ڕووی لە بەرزبوونەوەیە، بەتایبەت لە دوکان و دەربەندیخان، ئەمە جگە لە و بەنداوە بچووکانەی کە دروست کراون و ئێستا بەشێکیان پڕ بوون، پلانەکە ئەوەیە هەوڵ دەدەین زۆرترین بڕ و ڕێژەی ئاو گل بدەینەوە و پرۆسەکە تا کۆتاییی بارانبارین (کۆتاییی مانگی 5 و سەرەتای مانگی شەش) بەردەوام دەبێت، ئومێدیش هەیە بەوەی تا ئەم وادەیە ئاستی ئاو بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە لە ڕێگەی ئەو سەرچاوانەی دەڕژێنە ناو بەنداوەکانەوە.''
گوتیشی: "جگە لەوە، لە ڕێگەی ئەو پلانەوە کە دانرابوو 11 بەنداو لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دروست بکرێن و ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردندان، لەوانە بەنداوی خمس کە کاری تێدا دەکرێت و بەنداوی دێوانە لە کۆتاییی قۆناغی کارکردندایە و بەنداوی چەمرگە تەواو بووە و هەندێک ئاویشی تێدا خەزن کراوە، بەنداوی تورەجارمان لە گەرمیان کە ئێستا ئیشی تێدا دەکرێت، بۆیە پلانێکی تۆکمە هەیە بۆ پاراستن و داهاتی ئاو وەک سەرچاوەیەکی نیشتمانی".
ڕوونیشی کردەوە: "بەدەر لەوە، لە ڕێگەی حکوومەتی عێراقەوە لە پەیوەندییەکی بەردەوامداین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن ئێرانەوە دروست کرا بە گرتنەوەی بەشێک لەو سەرچاوانەی کە دەڕژانە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستانەوە و کاریگەریی زۆری لەسەر دابەزینی داهاتی ئاو هەبوو، کە هیوادارین ئەوەی ڕووی دا، ئەمساڵ دووبارە نەبێتەوە".
ئەرسەلان ئەحمەد




